کێشەی گرووپە چەکدارەکان لە عەفرین و سەرێکانی نابڕێتەوە؛ 'دەیانەوێت دیموگرافیای ناوچەکە بگۆڕن'

03-09-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانی دەڵێت، ئەندامانی گرووپە چەکدارەکان بە دەستکاریی شوێنی لەدایکبوونیان لە ناسنامەدا، هەوڵی ''گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە'' دەدەن؛ پارێزەرێکیش دەڵێت، ئەو گرووپانە لە عەفرینیش دەستیان کردووە بە گەڕانەوە و باج وەرگرتن لە خەڵک. 
 
رۆژی سێشەممە 02-09-2025، شاندێکی حکومەتی کاتیی سووریا، سەردانی شاری سەرێکانیی رۆژئاوای کوردستانی کرد. شاندەکە بە سەرۆکایەتیی عەبدولقادر تەهان، جێگری وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە بوو. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شاندەکە لە سەرێکانی لەگەڵ فەرماندە و بەرپرسانی گرووپە چەکدارەکان کۆبووەتەوە و پرسی بەشداریکردنیان لە ریزی ئاسایشی گشتیی وڵاتەکە خراوەتە بەر باس.
 
سەبارەت بە سەردانەکە، محەممەد حاجۆ، ئەندامی کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانی بە رووداوی رایگەیاند، ناسنامەی عەرەبە هاوردەکان ساختە دەکرێن، بۆ ئەوەی لەسەر هەرێمی سەرێکانی تۆمار بکرێن و تێکەڵ بە ئاسایشی گشتیی ناوچەکە ببن.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی محەممەد حاجۆ، نزیکەی 300 کەس بۆ ئاسایشی گشتی ناونووسکراون، بەڵام تەنیا 50 کەسیان خەڵکی سەرێکانین و 250ـیان عەرەبی هاوردەن.
 
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانی ئەوەشی خستەڕوو، موختاری گوندەکان ناسنامەی عەرەبە هاوردەکانیان وەرگرتووە و دەستکارییان کردوون، ''واتا شوێنی لەدایکبوونیان کراوەتە سەرێکانی بۆ ئەوەی بڵێن ئێمە هێزێکی ئەمنیمان لە خەڵکی ناوچەکە پێکهێناوە، بەڵام ئێمە وەکو خەڵکی سەرێکانی هەموومان یەکدی دەناسین.''
 
محەممەد حاجۆ گوتی: ''ئەمە هەنگاوێکی نوێیە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای هەرێمی سەرێکانی. ئێمە دەمانەوێت هێزێکی ئەمنی و ئەنجوومەنێکی سڤیل پێکبهێنرێن کە هەموو پێکهاتەکانی هەرێمەکە تێیدا بەشدار بن، بەڵام بەو کارە ئەوان رێژەی دانیشتووانی عەرەب لە سەرێکانی زیاتر دەکەن.''
 
تورکیا و گرووپە چەکدارە سووریاییەکانی لایەنگری لە ساڵی 2016ـەەوە دەستیان کرد بە کۆنترۆڵکردنی بەشێکی باکووری سووریا و رۆژئاوای کوردستان، لەوانەش سەرێکانی و عەفرین. ئەوەش دوای ژمارەیەک لەشكرکێشیی یەک لەدوای یەک کە زۆربەیان دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوون. 
 
''گرووپە چەکدارەکان لە عەفرین دەستیان بە وەرگرتنی باج کردووەتەوە''
 
هاوکات لە عەفرینیش لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی کۆکردنەوەی زەیتوون، جارێکی دیکە گرووپە چەکدارەکان نووسینگەکانی ''ئابووری''ـی خۆیان لە ناوچەکە دەکەنەوە و دەیانخەنەوە کار.
 
ئەم هەنگاوە چەند مانگ دوای ئەوە دێت، کە حکومەتی سووریا بڕیاری دابوو، هەموو گرووپە چەکدارەکان خۆیان هەڵبوەشێننەوە و بچنە نێو سوپای وڵاتەکە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەی عەفرینیش رایگەیاندبوو کە ئەوان باڵادەستیی گرووپە چەکدارەکان لەو ناوچەیەدا ناهێڵن و بنکە و نووسینگە سەربازی و ئەمنییەکانیان دادەخەن، بەڵام تاوەکو ئێستا شتێکی لەو شێوەیە رووینەداوە.
 
ئیبراهیم شێخۆ، پارێزەر و مافناس لەبارەی گرووپە چەکدارەکانی نێو عەفرین بە رووداوی گوت، ''بنکەیەکی ئاسایشی گشتی لە ناوچەکە هەیە، بەڵام بەداخەوە ناتوانێت ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و ماڵ و موڵکی خەڵک بگەڕێنێتەوە. گرووپە چەکدارەکانیش ستەم  لەو خەڵکە دەکەن و باجیان لێ وەردەگرن.''
 
ئیبراهیم شێخۆ جەختی لەوە کردەوە، ''ئێستا گرووپە چەکدارەکان شەڕی ئابووری لەگەڵ خەڵک دەکەن کە کەمتر لە دەستگیرکردن و رفاندنیان نییە. ئەو عەرەبە هاوردانەی کە پێشتر ناوچەکەیان جێهێشتبوو، دووبارە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکی خەڵک.''
 
ئەو پارێزەر و مافناسە ئەوەشی خستەڕوو، گرووپە چەکدارەکان موڵک و ماڵی ئاوارە گەڕاوەکان رادەست ناکەنەوە، ''بەڵکو دەڵێن دوای وەرزی کۆکردنەوەی زەیتوون پێیان دەدرێتەوە.''
 
کاری ئەو ''نووسینگە ئابووری''ـیانەی گرووپە چەکدارەکان لە عەفرین ئەوەیە کە بۆ وەرزی زەیتوون، خەرجی و باجی زۆرەملێ بەسەر خەڵکدا بسەپێنن و پارەیان لێ وەربگرن. 
 
وەرزی کۆکردنەوەی زەیتوون، لە نێوەڕاستی تشرینی یەکەمەوە دەستپێدەکات تاوەکو کۆتایی ساڵ. بەرهەمەکە دوای کۆکردنەوەی دەخرێتە نێو فەردەی 100 کیلۆگرامی. پاشان دەنێردرێت بۆ کارگەکانی گوشین. لەوێش زەیتەکەیان دەخرێتە نێو قوتوی 17 کیلۆگرامی، بەڵام چەکدارەکان یان دەست بەسەر زەیتەکەدا دەگرن یان خەرجی لە خاوەنەکانی وەردەگرن.
 
بەگوتەی ئیبراهیم شێخۆ، لە ناحیەی ''بلبلێ''ـی سەر بە عەفرین، نووسینگەی گرووپێکی چەکدار بە ناوی ''سوڵتان موراد'' چالاک بووەتەوە کە رێگە نادات خاوەن زەوییەکان، زەیتوونەکانیان کۆبکەنەوە یان کاری تێدا بکەن، بەتایبەتی ئەو عەفرینیانەی کە لە ئاوارەیی گەڕاونەتەوە.
 
لە ناحیەکانی راجۆ، ماباتە، شێیە و جندرێسیش، بۆ هەمان مەبەست، گرووپە چەکدارەکان نووسینگە ئابوورییەکانی خۆیان کردووەتەوە. لەوانەش، گرووپەکانی عەمشات، حەمزات، ئەلموعتەسیم بیللا، فەیلەق ئەلمەجد، ئەحرار ئەلشەرقیە، محەممەد ئەلفاتح و ئەلمونتەسیر بیللا.
 
14ـی ئایاری ئەم ساڵ رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ناسراو بە  (HRW)راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، دانیشتووانی گوندێکی عەفرین رایانگەیاندووە، سەرانەسەندن لێیان، لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە بەردەوامە کە بە گوتەی خۆیان بڕی 2000 تاوەکو 5000 دۆلار باج دەخەنە سەر جووتیارانی زەیتوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.