مەسعود حەیدەر: حکومەتی عێراق ناتوانێت راستەوخۆ مووچە بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکات

03-10-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی ناردنی مووچە راستەوخۆ لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دەڵێت، "حکومەتی عێراق ناتوانێت جێبەجێی بکات."
 
مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بەپێی دەستووری عێراق، حکومەتی عێراق ناتوانێت راستەوخۆ مووچە یان ھەر خەرجییەکی دیکە بۆ ھەرێمی کوردستان خەرج بکات. ھەموو مامەڵەیەکی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا دەبێت لە رێگەی دامودەزگە فەرمییەکانی ھەردوولاوە بێت کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییە."
 
لە پەرلەمانی عێراق واژۆ کۆدەکرێتەوە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات؛ بۆ ئەم مەبەستەش جگە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکانی دیکە واژۆیان لەسەر یاداشتێک کردووە.
 
بەپێی یاسای بودجە، بەگوتەی مەسعود حەیدەر، "دەبێت حکومەتی عێراق مانگانە 775 ملیار دینار مووچە بۆ ھەرێمی کوردستان خەرج بکات لە رێگەی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستانەوە."
 
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق گوتی، "ھەر بابەتێک لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە، یاریکردنە بە ھەست و سۆزی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و حكومەتی عێراق ناتوانێت جێبەجێی بکات، چونکە پێچەوانەی ماددەی 117 و 121ـى دەستوورە."
 
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە یەکێکە لەوانەی واژۆی لەسەر یاداشتەکە کردووە؛ رۆژی دووشەممە، 02-10-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ شاندێکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە واژۆی 36 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستانیان پێبووە، "هاتوونەتە بەغدا لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی کۆبوونەوە و داوایانکردووە مووچەکانیان خەرج بکرێت و دوور بکەوێتەوە لە ململانێی سیاسی و باسی خراپی دۆخی فەرمانبەرانیان کردووە. بۆیە لەنێو پەرلەمان دەست بەکۆکردنەوەی واژۆکرا بۆ ئەوەی راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە خەرج بکرێت."
 
لە یاداشتەکەدا کە ئاراستەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کراوە، تێیدا داواکراوە، هاوشێوەی فەرمانبەرانی فیدراڵی، مامەڵە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت و راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت، بەپێی میکانزمێکی گونجاوی یاسایی و خێرا کە بتوانرێت جێبەجێ بکرێت لەوانە کارتی ئەلیکترۆنیان پێبدرێت و راستەوخۆ مووچەکانیان لە رێگەی بانکەکانی عێراق کە نووسینگەیان لە هەرێمی کوردستان هەیە، بچێتە سەر هەژمارەکانیان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە