کۆمیسیۆن: تەنیا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەتوانێت هەڵبژاردن دوابخات

03-10-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەشی یاسایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق دەڵێت: ئەگەر بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە باری نائاسایی رابگەیێندرێت، کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن دەبێت، بەڵام "لە هەموو دۆخێکدا تەنیا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بڕیار لەسەر دواخستن بدات".

راوەر ئازاد، ئەندامی هۆبەی یاسایی لە دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەدڵنیاییەوە ئەگەر دۆخی ناوچەکە تێکبچێت و لە عێراق باری نائاسایی رابگەیێندرێت، کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن دەبێت، بەڵام ئێمە وەکو کۆمیسیۆن نە بە بڕیاری خۆمان دەستمان بە ئامادەکاری کردووە و نە بە بڕیاری خۆشمان دوای دەخەین."
 
راوەر ئازاد روونیکردەوە، کە "کۆمسیۆن بە مەرسوومێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دەستمان بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن کردووە و دەکرێت بڵێین ئامادەکارییەکان تەواوبوون، ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن لە هەر بارودۆخێکدا بڕیارەکەی لای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە و ئەو بڕیارە لە دەسەڵاتی کۆمیسیۆن دا نییە."
 
رۆژی 29ـی ئەیلوول، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەکەدا روودەدەن، هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن نابێت و هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا دەکرێت."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە.
 
لە مەرسوومەکەدا جگە لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن، ئەوە هاتووە کە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن بۆ جێبەجێکردنی مەرسوومەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین بۆ زێدی خۆیان. وێنە: AFP

دەزگای خێرخوازیی بارزانی: 839 خێزانی کورد گەڕاونەتەوە عەفرین و هاوکارییان دەکەین

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت، لە رێگەی لیژنەوە پێشوازی لەو هاونیشتمانیانە دەکەن دەگەڕێنەوە عەفرین و تاوەکو ئەمڕۆ 4,100 کەس گەڕاونەتەوە. دەشڵێت، بەشێک لە عەرەبی هاوردە ماڵی کوردان چۆڵ ناکەن.