رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بگۆڕدرێت بۆ (فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی).
ئەمڕۆ هەینی نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، بڕیاری گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەکە "لەسەر داوایەکی پێشووتری دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بووە."
بەگوێرەی نووسینگەی سوودانی، "ئەم بڕیارە وەک رێزگرتن و بەرز نرخاندنی رۆڵی مێژوویی سەرۆکی کۆچکردوو و خەباتی درێژخایەنی دێت دژی رژێمی دیکتاتۆری."
30ی ئەیلوولی 2025 مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەزاق محێبس، وەزیری گواستنەوە، رەزامەندییان لەسەر داواکارییەک داوە بۆ گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەکە.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، داواکارییەکە لەلایەن "دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی"ـیەوە پێشکێش کراوە و بڕیارەکە بەمزووانە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، ساڵی 2003 بەردی بناخەی بۆ دانرا و ساڵی 2005 بە فەرمی کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ