رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەڵێت، کاتێک بەشداریی حکومەت دەکەن کە لە دەسەڵاتدا هاوبەشێکی راستەقینە بن. دەشڵێت: ''هەموو ئامڕازەکانی دیموکراسی بەکاردەهێنین بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.''
ئەمڕۆ هەینی 03-10-2025، کاروان گەزنەیی، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەراوێزی حەوتەم پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت رایگەیاند، ''ئەوەی گرنگە، حکومەتێکی رەشیدی خزمەتگوزاری دادپەروەر پێکبهێنرێت کە سەرانسەری بێت''.
کاروان گەزنەیی گوتی، ''یەکێتی کاتێک بەشداریی حکومەت دەکات کە هاوبەشێکی راستەقینە بێت و حکومەتێکی دادپەروەر بۆ تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پێکبهێنرێت.''
رۆژی 30-09-2025 پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە نزیکەی دوو کاژێری خایاند و تێیدا باس لە پێکهێنانی حکومەت کرا. پارتی و یەکێتی راگەیێندراویان لەبارەی کۆبوونەوەکە نەبوو، بەڵام رووداو زانیویەتی، تەوەرێکی سەرەکی، کاراکردنی پەرلەمانی کوردستان بووە.
گوتەبێژی یەکێتی باسی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد و گوتی، ''هیوادارین بانگەشەیەکی ئارام لە کەشێکی دیموکراسی و یەکدی قبووڵکردندا بەڕێوەبچێت.''
کاروان گەزنەیی داوای لە بەربژێران و لایەنگرانی حیزبەکەی کرد، ''لەکاتی بانگەشەدا پابەند بن بە هەموو رێنماییەکانی کۆمیسیۆن و دەستەی ژینگە". گوتیشی، ''هەموو ئامڕازەکانی دیموکراسی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەکاردەهێنین.''
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، ئەمڕۆی وەک دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاریکردووە کە بڕیارە رۆژی 11-11-2025 بکرێت.
پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت کە 320ـیان گشتین و 9 کورسییان کۆتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ