رووداو دیجیتاڵ
دوای 12 ساڵ لە نەبەستنی کۆنگرەی حیزبەکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3-11-2022 پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنگرەی 14ـەم دەبەستێت. کۆنگرەی ئەمجارە بۆ یەکەمجار لە شاری دهۆک دەبێت.
لە کۆنگرەکەدا کە کۆنگرەی چواردەی حیزبەکەیە، زیاتر لە 1000 نوێنەر بەشدارن و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت. ئەمەی خوارەوە زانیارییە لەبارەی کۆنگرەکانی پارتی تاوەکو
کۆنگرەی یەکەم
کۆنگرەی یەکەم لە 16ـی ئابی 1946 لە شاری بەغدا بەشێوەی نهێنی لە ماڵی سەعید فەهیم بوو و تێیدا 70 ئەندام بەشدارییان کرد؛ لەو کۆنگرەیەدا بەهۆی سەرقاڵبوونەوە بە داکۆکی لە کۆماری کوردستان، مستەفا بارزانی ئامادە نەبوو. لەو کۆنگرەیەدا پەیڕەو و پڕۆگرام پەسند کرا و ناوی حیزبیش کرایە پارتی دیموکراتی کورد.
کۆنگرەی دووەم
کۆنگرەی دووەمی پارتی لە ئاداری ساڵی 1951 لە شاری بەغدا لە ماڵی عەلی حەمەد بەسترا و تێیدا 30 ئەندام بەشدارییان کرد؛ کۆنگرەکە لە دۆخێکی نهێنی و خۆپارێزیدا بوو و سەرکردایەتییەکی کاتیش بۆ حیزب دانرا.
كۆنگرهی سێیەم
كۆنگرهی سێیهمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە 26-1-1953 له شاری كهركووك بەسترا؛ تێیدا نزیکەی 40 نوێنەر ئامادە بوون. ناوی حیزب گۆڕدرا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و رێکخراوەکانی قوتابییان، ژنان و لاوان دامەزران.
كۆنگرهی چوارەم
کۆنگرەی چوارەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە 4 تاوەکو 7ـی ئۆکتۆبەری 1959 لە شاری بەغدا لەماڵی کاکە زیاد و بە ئامادەبوونی نزیکەی 130 ئەندام بەسترا؛ کۆنگرەکە دوای گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی بوو لە یەکێتیی سۆڤیەتەوە. ئەوە یەکەم کۆنگرە بوو کە مستەفا بارزانی تێیدا بەشدار بێت.
كۆنگرهی پێنجەم
کۆنگرەی پێنجەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئایاری 1960 لە بارەگای پارتی لە بەغدا و بە ئامادەبوونی 148 ئەندام بەسترا؛ کۆنگرەکە ماوەیەک پێش هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بوو و 5 رۆژی خایاند. دۆخی پارتی خراپ بوو.
كۆنگرهی شەشەم
کۆنگرەی شەشەمی پارتی دیموکراتی کوردستان له سهرهتای مانگی تهمموزی 1964 لە قەڵادزێ بەسترا؛ دۆخی کۆنگرە لە کاتێکدابوو، کە شۆڕش و حکومەتی عێراق لە دۆخی ماوەیەک شەڕ و ماوەیەک ئاگربەستدا بوون. لە کۆنگرەکەدا ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران.
کۆنگرەی حەوتەم
كۆنگرهی حهوتهمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە 15-11-1966 له گهڵاڵه و بە ئامادەبوونی 370 ئەندام بهسترا؛ هاوشێوەی کۆنگرەکەی پێش خۆی، دۆخی کۆنگرەکە لەکاتێکدابوو، کە شۆڕش و حکومەتی عێراق لە دۆخی ماوەیەک شەڕ و ماوەیەک ئاگربەستدا بوون. هەندێک دەستکاری لە پەیڕەو و پڕۆگرامی حیزب کرا؛ بۆ نموونە، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی لە پێنج کەسەوە بوونە حەوت کەس.
کۆنگرەی هەشتەم
كۆنگرهی ههشتهم لە 1ـی تەمموزی 1970 له ناوپردان به ئامادهبونی 488 نوێنهر بهسترا؛ کۆنگرەکە فراوانترین کۆنگرەی پارتی بوو لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنی 11ـی ئادار. بۆ یەکەمجار ژمارەیەکی زۆر ژن بەشداریانکرد؛ هەروەها نێردراوی چەندین حیزب بەشدارییان کرد.
کۆنگرەی نۆیەم
کۆنگرەی نۆیەم لە 4ـی ئۆکتۆبەری 1979 له زێوهی دهڤهری مهرگهوهڕ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بهسترا؛ کۆنگرەکە یەکەمین کۆنگرەی پاش نسکۆی ساڵی 1975 بوو، هەروەها دوای کۆچی دوایی مستەفا بارزانی بوو؛ لە کۆنگرەکەدا به زۆرینەی دەنگ سەرۆک مەسعود بارزانی به سهرۆكی پارتی ههڵبژێردرا.
کۆنگرەی 10
کۆنگرەی دەیەمی پارتی، لە 2 بۆ 12ـی مانگی 12ـی 1989 جارێکیتر لە مەرگەوەڕ بەڕێوەچوو، تێیدا 332 ئەندام بەشدارییان کرد، کۆنگرەکە پاش کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی، پاش ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە بوو؛ سەرەڕای دۆخەکە و نائومێدی خەڵک ئەو ژمارە بەرچاوەی ئامادەبووان، لە کۆنگرەکەدا گفتوگۆیەکی زۆر لەسەر هۆکارەکانی هەرەسی خەباتی پێشمەرگانە و داگیرکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان و خۆ ئامادەکردن بۆ قۆناخی تازەی خەبات کرا.
کۆنگرەی 11
کۆنگرەی یانزەیەمی پارتی لە ساڵی 1993 بە بەشداریی 2 هەزار و 167 ئەندام لە شاری هەولێر بەسترا، کۆنگرەکە یەکەمین کۆنگرەی پاش رزگاربوونی هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو؛ تێیدا پارتی و یەکگرتن یەکیانگرت؛ بەوەش بەشێکی سەرکردایەتی پێشووی حیزبی سۆسیالیست، پارتی گەل و پاسۆک، کە حیزبێکی نوێیان بەناوی یەکگرتن دامەزراندبوو، چوونە نێو پارتییەوە، ئەو کۆنگرەیە زۆرترین ئەندام تێیدا بەشدارییکردووە لە مێژووی پارتیدا.
کۆنگرەی 12
كۆنگرهی 12ـی پارتی لە 10 تاوەکو 14ی حوزەیرانی 1999 له ههولێر بەڕێوەچوو، تێیدا هەزار و 473 ئەندام بەشدارییان تێیدا کرد، کۆنگرەکە پاش شەڕی خۆکوژی بەڕێوەچوو، تێیدا پەیڕەو و پرۆگرامی حیزب گۆڕانکاریی نوێی تێدا کرا.
کۆنگرەی 13
كۆنگرهی سیانزهیهم کە دوایین کۆنگرەی پارتییە، رۆژانی 11 بۆ 18ی مانگی 12ی 2010 له شاری هەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا زیاتر لە 1500 ئەندام بەشدارییان کرد، لەم کۆنگرەیەشدا پەیڕەو و پرۆگرامی پارتی گۆڕانی تێدا کرا و نێچیرڤان بارزانی وەکو جێگری سەرۆکی پارتی لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە بەربژێر کرا و بە تێکڕای دەنگ پەسند کرا.
لە کۆنگرەی 13دا لە خاڵی 10ی ئامانجە نیشتمانییەکاندا ئەوە چەسپێندراوە، کە پارتی دەیەوێت پەیوەندیی باشی لەگەڵ ئەو حیزبانە هەبێت کە لە کوردستان و عێراق (دان بە مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی کورد دا دەنێن). حەوت ساڵ دوای ئەو کۆنگرەیە، پارتی رێبەرایەتیی ئەنجامدانی یەکەمین گشتپرسیی فەرمیی سەربەخۆیی باشووری کوردستانی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ