کوردستان
وێنەیەکی بەردەم دەرگەی سەرەکیی هۆڵی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. وێنەکە ساڵی 2020 لەلایەن بڵند تاهیر، فۆتۆگرافەری رووداو گیراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ماڵپەڕی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە شەوی رابردووەوە تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ، 8 گەشتی هاتن و 5 گەشتی رۆیشتنی فڕۆکەخانەکە، هەڵوەشاونەتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی دوێنی دەنگۆی ئەوە هەبوو هێرشکرابێتە سەر فڕۆکەخانەکە.
شەوی رابردوو وا بڵاوکرایەوە، کە بە دوو درۆن هێرش کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رەتیکردەوە هێرشکرابێتە سەر فڕۆکەخانە، لەوبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند؛ هێرش نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەبارەی گەشتەکان گوتی: "دۆخەکە ئاساییە و گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر ئاسایین."
بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر؛ گەشتەکانی رۆشتنی هەریەک لە ئیستەنبووڵ لە کاژێرەکانی 02:50، 03:35 و07:35، نەجەف لە کاژێر 03:45، دۆحە لە کاژێر 04:30 و عەمان لە کاژێر 06:00 هەڵوەشاونەتەوە.

لە ماڵپەڕی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گەشتەکانی هاتن لە ئیستەنبووڵەوە لە کاژێرەکانی 00:20 و 01:35 و02:55 و 03:20 و05:25، مەدینە 01:10، عەمان 03:00 و دۆحە 03:35 هەڵوەشاونەتەوە.
لە دوای ئۆپەراسیۆنی 'تۆفان و شمشێر' لە 7ـی ئۆکتۆبەر لەنێوان حەماس و ئیسرائیل، ناوبەناو هێرشی درۆنی بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەندێکجار فڕۆکەخانەی هەولێر دروست دەبن، کە گرووپێک بەنێوی "مقاوەمەی ئیسلامیی عێراقی"بەرپرسیاریێتی هێرشەکان دەگرێتە ئەستۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ