دوو سەرچاوەی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ رووداو: 'هەژماری من' و تەوتین جیاوازییان نییە

03-11-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چەند رۆژێکە پرسی 'هەژماری من' و بەجێکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە گەرمی سەریهەڵداوەتەوە. ئەوەش دوای ئەوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ناوچەکە پڕکردنەوەی فۆڕمی 'هەژماری من' راگیراوە. 
 
دوو سەرچاوەی باڵا لە بانکی ناوەندیی عێراق بە رووداویان گوت "سەرجەم ئەو بانکانەی لە 'هەژماری من' بەشدارن، لەلایەن بانکی ناوەندییەوە مۆڵەتپێدراون، ئەوەش بەو واتایەیە 'هەژماری من' و تەوتین هیچ جیاوازییەکیان نییە."
 
هەردوو بانکی رافیدەین و رەشیدیش دەڵێن "تائێستا بە فەرمی هیچ نووسراوێکمان بۆ کردنەوەی لقەکانمان لە هەرێمی کوردستان بەدەست نەگەیشتووە."
 
تیمی 'هەژماری من'ـیش دووپاتیدەکاتەوە، "هەموو پرۆسەیەکی بەجێکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، تەنیا لە رێگەی 'هەژماری من'ـەوە دەکرێت."
 
بانکی ناوەندی: 'هەژماری من' و تەوتین هیچ جیاوازییەکیان نییە 
 
شەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2024، سەرچاوەیەکی باڵا لە بانکی ناوەندیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیکەی 80٪ـی ئەو مووچەخۆرانەی هەرێمی کوردستان کە کۆدی بایۆمەترییان نەبووە، بۆیان کراوە و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بە ئەگەری زۆرەوە نزیکەی 95٪ـیان تەواو دەبن.
 
ئەو سەرچاوەیە گوتی "ئەوانەی تاوەکو پێش کۆتایی ئەم ساڵ کۆدی بایۆمەتریان بۆ ناکرێت، مووچەکەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەبڕدرێت، تاوەکو ئەوکاتەی بایۆمەتری دەکەن."
 
لەبارەی 'هەژماری من'ـەوە ئەو سەرچاوەیەی بانکی ناوەندی گوتی "سەرجەم ئەو بانکانەی لە 'هەژماری من' بەشدارن، هیچ کێشەیەکی یاسایی و کارگێڕییان نییە و تێکڕا لەلایەن بانکی ناوەندییەوە مۆڵەتپێدراون، ئەوەش بەو واتایەیە 'هەژماری من' و تەوتین هیچ جیاوازییەکیان نییە بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی."
 
سەرچاوەیەکی دیکەی باڵا لە بانکی ناوەندی بە رووداوی گوت "لە ئاییندەیەکی نزیکدا بانکێکی نیشتمانی سەر بە بانکی ناوەندیی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە، کە نزیکەی سێ ساڵە کاری تێدا دەکەین."
 
دادگەی فیدراڵی: بانکە رێگەپێدراوەکانی هەرێمی کوردستان، دەتوانن بەجێکردنی مووچە بکەن
 
دادگەی فیدراڵیی عێراق رۆژی 3ـی تەممووزی ئەم ساڵ نووسراوێکی بە ناونیشانی روونکردنەوە لەسەر پرۆسەی بەجێکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە "رۆژی 21ـی 2ـی 2024، دادگەی فیدراڵی بڕیاری بەجێکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دا و پێویستە لە چوارچێوەی بانکە حکومییەکاندا بێت، ئەمەش سەرجەم ئەو بانکانە دەگرێتەوە کە رێگەپێدراوی بانکی ناوەندین و لقیان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە."
 
هەر لەو روونکردنەوەیەیدا دادگەی فیدراڵی ئاماژەی بەوەش کردووە "پێویستە دیاریکردن و هەڵبژاردنی بانکەکە، بە دەست کەسی مووچەخۆرەوە بێت و، خۆی بانکە دڵخوازەکەی هەڵبژێرێت."
 
بانکەکانی رەشید و رافیدەین: هیچ بڕیارێکمان بۆ کردنەوەی لقەکانمان لە هەرێمی کوردستان نەداوە 
 
دوو سەرچاوە لە ئەنجوومەنەکانی کارگێڕیی هەردوو بانکی فیدراڵیی رەشید و رافیدەین بە رووداویان راگەیاند "تائێستا بە فەرمی هیچ نووسراو یان داواکارییەکیان بۆ کردنەوەی لقەکانیان لە هەرێمی کوردستان پێنەگەیشتووە، تەنیا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکانیان وەکو بابەتێکی ئاسایی، تاوتوێیان کردووە، بەبێ ئەوەی هیچ بڕیارێکیان دابێت."
 
ئەو دوو بانکە لەبارەی پرۆسەی تەوتینەوە دەڵێن، تائێستا هیچ نووسراوێکی فەرمییان لە هیچ دامەزراوەیەکی حکومییەوە بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی بەجێکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەدەستنەگەیشتووە.
 
هاوکات سەرچاوەیەک لە بانکی بازرگانیی عێراق (تی بی ئای) بە رووداوی گوت "کارکردنی ئێمە بۆ پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی مووچەی فەرمانبەران، تائێستا هەر لە چوارچێوەی هەژماری منە".
 
'هەژماری من': بەجێکردنی مووچەی مووچەخۆران تەنیا لە رێگەی 'هەژماری من'ـەوە دەبێت 
 
رۆژی شەممە، سەرچاوەیەک لە تیمی هەژماری من بە رووداوی گوت "هەموو پرۆسەیەکی بەجێکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، تەنیا لە رێگەی 'هەژماری من'ـەوە دەکرێت." بۆیە داوای لە مووچەخۆران کرد خۆیان لە پڕۆژەکەدا تۆمار بکەن.
 
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی "هەندێک کەس تاوەکو ئێستا گومان لە بەشداریکردنی تی بی ئای دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا زیاتر لە 34 هەزار مووچەخۆر لە رێگەی 'هەژماری من'ـەوە، تی بی ئاـیان بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان هەڵبژاردووە، کە لەو ژمارەیەش 10 هەزار کارت چاپکراون و ئامادەن رادەستی خاوەنەکانیان بکرێنەوە."
 
تیمی 'هەژماری من' لەبارەی بانکی رەشید و رافیدەینەوە دەڵێت "لە ماوەکانی رابردوودا هەریەک لە بانکەکانی رەشید و رافیدەین سەردانیان کردین و پێیانگوتین دەمانەوێت لە داهاتوودا لە رێگەی 'هەژماری من'ـەوە بەشداری لە پرۆسەی بەجێکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکەین."
 
زیاتر لە دوو هەفتەیە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە هەروەها ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین پڕکردنەوەی فۆڕمی 'هەژماری من' راگیراوە.
 
رۆژی 31ـی تشرینی یەکەم، ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، لە دادگەی کەرخ لە بەغدا دژی پڕۆژەی 'هەژماری من' سکاڵایان تۆمار کرد. پەرلەمانتارێکیان دەڵێت، پشتیوانی "تەوتین دەکەین".
 
سرووە محەممەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رۆژی هەینی بە رووداوی گوت "سکاڵاکەمان دژی ئەوەیە؛ بە زۆر مووچەخۆر ناچار دەکرێت لە بانکەکان فۆرمی 'هەژماری من' پڕبکاتەوە، ئێمە پشتیوانی بە بانکیکردنی مووچەین لەلایەن بانکە فیدراڵییەکانەوە." 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە