وەزارەتی پەروەردە وەڵامی یەکگرتوو دەداتەوە: وانەی ئایین کەم ناکرێتەوە

03-11-2025
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو  دیجیتاڵ

فراکسیۆنی یەکگرتوو دەڵێ، وەزارەتی پەروەردە بەشەوانەی "پەروەردەی ئیسلامیی 9ـی بنەڕەتی کەمکردووەتەوە". گوتەبێژی وەزارتەکە و بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆگرامەکانی وەزارەتی پەروەردە دەڵێن، پەروەردەی ئیسلامی لە ساڵەکەدا بەرگ بۆ بەرگ دەخوێندرێ. 
 
فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "وەزارەتی پەروەردە بە نووسراوی ژمارە (26831) لە 29-10-2025 گشتاندنیان کردووە سەبارەت بە کەمکردنەوەی بەشەوانەی پەروەردەی ئیسلامی لە 9ی بنەڕەتی، لە بەرامبەردا بەشەوانەی کارامەیی و بەها کۆمەڵایەتییەکان بۆ دوو وانە لە هەفتەیەکدا لەسەر حسابی پەروەردەی ئیسلامی زیادکراوە".
 
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ کەمکردنەوەی بەشەوانەی ئیسلامیی پرسی مامۆستایانی وانەکە کراوە و ئەوان دڵنیاییان داوە کە دەتوانن بە یەک وانەی هەفتانە لە ساڵەکەدا تەواوی پەروەردەی ئیسلامیی تەواو بکەن".
 
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گوتی: "پۆلی نۆ تاقیکردنەوەی نیشتمانی دەکەن و دەبێ تاوەکو کۆتایی ساڵ هەموو کتێبەکان تەواو بکرێ، چونکە پرسیارەکانی تاقیکردنەوەکە لە کۆی کتێبەکەیە، بۆیە تەواوی وانەی پەوەردەی ئیسلامیی کتێبەکە تەواو دەکرێ و کەم ناکرێتەوە".
 
سامان سیوەیلی ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەوەی هیچ کەس و لایەنێک دۆخەکە نەقۆزێتەوە، هەر ئەمڕۆ بە گشتاندێک بڕیارەکەی پێشوو رادەگرن و بەشەوانەکە وەکو خۆی لێدەکەنەوە و هەفتانە دووبەشەوانە دەبێ.
 
فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان دەپرسێت: "لەنێو کۆمەڵگە و گەلێکی موسڵمان و لەناو هەموو وانەکانی پەروەردەدا بۆ دەبێت چاوی وەزارەتی پەروەردە روو لە کەمکردنەوەی بەشە وانەی پەروەردەی ئیسلامی بێت؟".
 
لەسەر هەمان بابەت، حەسەن سەرتیپ جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکان لە وەزارەتی پەروەردە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوە کاری فراکسیۆنەکان نییە و کاری مامۆستایانی ئایینیی قوتابخانەکانە کە هیچ کامیان ناڕەزاییان دەرنەبڕیوە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکان لە وەزارەتی پەروەردە گوتی: "ئەم ساڵ بەها کۆمەڵایەتییەکان چووەتە بەکالۆرییەوە، مامۆستایانی وانەکە دەڵێن کتێبەکە گەورەیە و بە یەک بەشەوانە تەواو ناکرێ، لەکاتێکدا مامۆستایانی پەروەدەی ئیسلامیی دڵنیایان کردینەوە کە دەتوانن بە یەک بەشەوانە کتێبەکە تەواو بکەن، بۆیە بڕیارەکە درا".
 
حەسەن جاف گوتی: "هیچ قوتابییەک نییە پرۆگرام تەواو نەکات و بچێتە تاقیکردنەوەی کۆتایی. ئێمە ئەرکمانە تەواوی کتێبەکانی پۆلی نۆ بە قوتابیان تەواو بکەین، کەوایە هیچ کەم نەکراوەتەوە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکان لە وەزارەتی پەروەردە گوتی: "ساڵانە 169 رۆژ دەوامی فەرمی قوتابخانەکان هەیە، 160 رۆژیش هەبێ مامۆستایانی ئاینیی قوتابخانەکان دەڵێن دەتوانن کتێبەکە تەواو بکەن. ئێمە پابەندین وانەی ئایین، بەهای کۆمەڵایەتی، عەرەبی و کوردیی و هەمووی لە بەرگ بۆ بەرگ بە قوتابیان تەواو بکەین، هەموو بابەتەکانی ئایینیش تەواو دەکرێن".
 
حەسەن جاف دەڵێ: "ئەم ساڵ بە شێوەیەکی کاتی کەمکردنەوەی بەشەوانەی ئایینمان راگرت و وەک خۆیمان لێکردەوە، لەبری ئەوە بەشە وانەی هونەرمان کەمکردەوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

   دیناری عێراقی جۆری 25 هەزاری.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: لیستی مووچەی مانگی 12 رادەستی بەغدا کرا

لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.