رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان نرخی مریشکی زیندوو بەرزبووەوە. فرۆشیارێکی مریشک دەڵێت، هۆکارەکەی هەناردەی مریشکی هەرێمی کوردستانە بۆ رۆژئاوای کوردستان و سووریا. کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانیش رەتیدەکاتەوە.
ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان کیلۆیەک مریشکی زیندوو بە سێ هەزار دینار دەفرۆشرێت، لەکاتێکدا مانگی رابردوو بە دوو هەزار و 250 دینار بوو.
کاروان عومەر، فرۆشیاری مریشک لە هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مریشک لە سەرچاوەکەیەوە نرخی بەرزبووەتەوە کە کێڵگە پەلەوەرییەکانە و ئەوان دەڵێن، مریشک بۆ سووریا هەناردە دەکرێ؛ بۆیە بەرزبووەتەوە".
نازم عەبدوڵڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و گەرمیان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ قەدەخەی هەناردەی مریشک بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق بەردەوامە و هەواڵی هەناردەش بۆ سووریا ناڕاستە".
سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و گەرمیان گوتی: "پێشتر نرخی مریشک زۆر دابەزیبوو و خاوەن کێڵگەکان زیانیان دەکرد، بەڵام ئێستا لە نرخێکی ئاساییدایە کە لە کێڵگەکان 2600 دینارە و بە 3 هەزار دینار دەگاتە دەستی خەڵک".
نازم عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشکرد، هەبوونی ڤایرۆس لەنێو جووجک و تێچووی زیاتر لە وەرزی سەرمادا هۆکاری "بەرزبوونەوەی نرخی مریشکە بەراورد بە مانگی پێشوو".
09ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ، ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری، هاوردەکردنی هەموو جۆرە مریشکێکی بەستووی قەدەخە کرد و رایگەیاند، دوای 45 رۆژ بڕیارەکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
نازم عەبدوڵڵا گوتی: "وێڕای قەدەخەی هاوردەی دەرەوە، تاوەکو ئەمڕۆ عێراق رێگە نادات مریشکی هەرێمی کوردستانی بۆ بچێت. ئەگەر ئەو رێگەیە بکرێتەوە، کەرتی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان زۆر دەچێتە پێشەوە و نرخیش بەرزدەبێتەوە، چونکە بەرهەمی مریشکی خۆمان بەشی عێراقیش دەکات هێندە زۆرە".
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتەکەیان "لە 2019ـەوە بڕیاری قەدەخەکردنی هاوردەی مریشکی بەستوو و مریشکی بەستووی پارچەکراو داوە و ئەو هاوردەیەی کە ئێستا دەکرێ، لە دەرەوەی مۆڵەتی وەزارەتە".
وێڕای بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئەمڕۆ هاوردەکردنی مریشکی بەستوو بۆ هەرێمی کوردستان هەیە. وەکو نازم عەبدوڵڵا باسی دەکات: "هاوردەکردنی مریشکی بەستووش زیانی زۆری بە خاوەن کێڵگەکان گەیاندووە".
لە هەرێمی کوردستان، خواستی زۆر لەسەر مریشکی زیندووە بەراورد بە بەستوو. بۆ دابینکردنی مریشکیش هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە.
ژمارەی پەلەوەرخانەکان بەپێی پارێزگاکان:
- هەولێر: 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی: 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک: 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە: 35 پەلەوەرخانە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ