نێچیرڤان بارزانی: کۆلۆنێڵ ریچارد ناب دۆستێکی راستەقینەی هەرێمی کوردستان بوو

03-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هاوخەمی خۆی بۆ کۆچی دوایی کۆلۆنێڵ ریچارد نابی ئەمریکی دەربڕی و بە "دۆستێکی راستەقینەی هەرێمی کوردستان" ناویبرد. 
 
کۆلۆنێڵ ناب یەکێک بوو لەو ئەفسەرە ئەمریکیانەی کە لە ساڵی 1991 رۆڵێکی بەرچاوی لە ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ئارامی (Provide Comfort)  بۆ پاراستنی گەلی کوردستان گێڕا.
 
نێچیرڤان بارزانی لە پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "بە خەمێکی قووڵەوە هەواڵی کۆچی دوایی کۆلۆنێڵ ریچارد نابم پێگەیشت، کە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە دۆستێکی راستەقینەی هەرێمی کوردستان بوو."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستەکەیدا هەروەها نووسیویەتی: "خزمەت، دۆستایەتی و پشتیوانییە بێوچانەکەی هەمیشە لەیادمان دەبێت. پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆم ئاراستەی خانەوادە و ئازیزانی دەکەم."
 
کۆلۆنێڵ ریچارد ناب کێ بوو؟
 
کۆلۆنێڵ ریچارد ناب ئەفسەرێکی سوپای ئەمریکا بوو کە لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991ی گەلی کوردستان و کۆڕەوە ملیۆنییەکە، لەگەڵ ریزی هێزی هاوپەیماناندا، هاتە کوردستان.
 
ئەو یەکێک بوو لە فەرماندە دیارەکانی ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ئارامی، کە ئامانج لێی پاراستنی کورد بوو لە هێرشەکانی حکومەتی بەعس، بە دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام.
 
ناب بە تایبەتی لە ناوچەی زاخۆ رۆڵێکی مرۆیی و سەربازیی گرنگی بینی لە یارمەتیدانی ئەو ئاوارانەی روویان لە چیاکان کردبوو. هەروەها لە گەڕانەوەیان بۆ شار، یارمەتییدان.
 
دۆستایەتیی کۆلۆنێڵ ناب لەگەڵ کورد تەنیا لە چوارچێوەی سەربازیدا نەمایەوە، بەڵکو پەیوەندییەکی مرۆیی پتەوی لەگەڵ خەڵک و پێشمەرگە و سەرکردایەتیی سیاسیی ئەو کاتەی کوردستان دروستکرد.
 
ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ئارامی و کاری ئەفسەرانی وەک ریچارد ناب، بە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی کورددا دادەنرێت، چونکە بووە بناخەی دروستبوونی هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین، کە کوردستانی لە هێرشی بەردەوامی حکومەتی بەعس پاراست.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کوێستان محەممەد میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ی رووداو بوو

کوێستان محەممەد: یاسای لێبووردنی گشتی نزیکەی نیوەی سزادراوان دەگرێتەوە

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، مەترسییەکانی قەرەباڵخیی نێو چاکسازییەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت، لە هەولێر رێژەی سزادراوان نزیکبووەتەوە لە سێ هێندەی توانای چاکسازییەکە و 350 سزادراویش لە بنکەکانی پۆلیسن، بۆ ئەوەی شوێنێک لە چاکسازییەکان چۆڵ ببێت.