رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک قوتابی ئامادەیی تاڤگەی کچان لە چەمچەماڵ دەڵێن، کاتی دەوامەکەیان گۆڕدراوە و بۆیان چاک نەکرێ، دەستبەردای خوێندن دەبن. بەڕێوەبەری پەروەردەی سنوورەکە دەڵێ: "کاردەکەین بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە خوێندن".
ئەو قوتابییانەی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، لە راگەێندراوێکدا دەڵێن، ژمارەیان 63 کەسە لە قوتابخانەی ئامادەیی تاڤگە، پێشتر دەوامیان کاژێر 02:00ـی دوای نیوەڕۆ تاوەکو 06:00ـی ئێوارە بوو، ئێستا کراوە بە 04:15ـی ئێوارە تاوەکو کاژێر 08:00ـی شەو، ئەوەش بۆ ئەوان قورسە و ناتوانن بەو شێوەیە درێژە بە خوێندن بدەن.
قوتابییەکان دەڵێن، بەشێکیان پێشتر بۆ ماوەیەک لە خوێندن دابڕاون و دواتر دەرفەتی خوێندنیان بۆ رەخسێندراوە و ئێستا بەشێکیان ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە و ناتوانن تاوەکو شەو لە قوتابخانە بمێننەوە؛ ئاماژە بەوە دەکەن: "چوونەوە قوتابخانە گەورەترین ئومێدی بۆ دروستکردین و سوپاسی بەڕێوەبەراتیی پەروەردەی چەمچەماڵ و وەزارەتی پەروەردە دەکەین، بەڵام بەداخەوە ئێستا بێ ئومێد کراوینەتەوە".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "گەڕانەوە لە کاژێر 08:00ـی شەو بۆ ئێمە کە ئەرکی خێزان و ماڵەوە و ئامادەکردنی خواردن و پەروەردەی منداڵمان لە ئەستۆدایە بەهیچ شێوەیەک گونجاو نییە، بۆیە دوای هەوڵێکی زۆر داواکارییەکەمان جێبەجێنەکرا".
قوتابییەکان ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو قوتابخانەیەی دەوامی تێدا دەکەن یەک دەوامی پێش ئەوانی تێدایە و دەتوانرێ دەوامەکەیان وەک خۆی لێبکرێتەوە و کاژێر 02:00 بۆ 06:00 بچنە قوتابخانە.
عەبدوڵا حەمەکاکەڕەش، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە 6 قوتابخانەی ئێوارانمان هەیە، واتە کاژێر 04:15 دەچنە دەوام کە 3 ئامادەیی و 3 ناوەندین؛ دوانیان کچانن. تاڤگەی کچان ساڵانی پێشوو چاوپۆشییان لێکرا، چونکە شوێن هەبوو و کاژێر 02:00 دەچوونە دەوام، ئێستا وا راهاتوون بۆیە داوای ئەوە دەکەن".
بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ گوتی: "کەمیی باڵەخانەی قوتابخانەمان هەیە و ئەم ساڵ بە فەرمانی وەزارەتی پەروەردە تێکەڵکردن و رێکخستنەوەی میلاکمان هەیە، بۆیە ئەو قوتابخانەیە ناچاربوو بچێتەوە دەوامی 04:15 و کارگێڕی قوتابخانەکەش کێشەیان نییە".
لەبارەی داوای قوتابییەکانەوە بەڕێوەبەری پەروەردە گوتی: "دەستبەرداری خوێندن نەبوون، سەردانمان کردوون و هەوڵمان بۆ داون و دەمانەوێ لە وەرزی دووەمی خوێندندا شوێنێکی دیکەیان بۆ دابیبن بکەین، ئەویش ئەگەر بزانین ناتوانن وەک پێویست دەوام بکەن".
قوتابخانەی ئامادەیی تاڤگەی کچان پۆلەکانی 10، 11 و 12یان تێدایە و ژمارەیان نزیکەی 120 قوتابییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ