نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەریدا لە دهۆک گوتاریان دەبێت

03-11-2025
هەوار جەلالەدین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە رۆژی سێشەممە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگرانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە شاری دهۆک "گەورەترین کەرنەڤاڵی بانگەشەی لیستی 275ی پارتی" بەڕێوەدەچێت.
 
نەوزاد عەبدوڵڵا بامەڕنی، بەرپرسی لقی یەکی پارتی لە دهۆک، رۆژی 4ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی گەورەترین کەرنەڤاڵی جەماوەریی پارتی لە دهۆک تەواوبوون و بڕیارە سبەی کاژێر 2:00ـی پاشنیوەڕۆ لە یاریگەی دهۆکی وەرزشی بکرێت."
 
بەرپرسی لقی یەکی پارتی لە دهۆک رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگرانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی کەرنەڤاڵەکە دەبن و گوتاریان دەبێت. 
 
نەوزاد بامەڕنی گوتیشی، پێشبینی دەکەن سەرووی 50 هەزار کەس "لەم کەرنەڤاڵە گەورەیەی پارتی" ئامادەبن. 
 
گوتیشی، هەردوو هونەرمەند حەسەن شەریف و ئەلەند حازم لەو کەرنەڤاڵەدا ئامادە دەبن و گۆرانی دەڵێن.
 
لەبارەی ژمارەی کورسییەکانی پارتی لە بازنەی دهۆک، دکتۆر نەوزاد بامەڕنی دەڵێت: "ئەوان لە 12 کورسیی پشکی ئەم پارێزگایە، پێشبینی 9 کورسی و ململانێی کورسیی دەیەمیش دەکەن."
 
لە هەرێمی کوردستاندا، 9 حیزب و 8 بەربژێری سەربەخۆ لەنێو کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدان.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320یان گشتی و 9یان کۆتان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە