رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی رووناکی رایگەیاند، پرۆژەکە گەیشتووەتە قەزای رانیە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و ئەمشەو کارەبایان دەکرێتە 24 کاژێری.
ئەمڕۆ 03-11-2025، تیمی پڕۆژەی رووناکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمشەو زیاتر لە 135 هەزار هاووڵاتی لە رانیە کارەبای بەردەوامی نیشتمانییان بۆ دابیندەکرێت وەکو بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژیری بۆ هەموو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین".
بەگوێرەی راگەیێندراوی پڕۆژەی رووناکی، بەهۆی کارەبای 24 کاژیرییەوە لە رانیە و زیاتر لە 100 موەلیدەی تایبەت دەکوژێندرێنەوە.
لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا، پێشتر کارەبای 24 کاژێریی بۆ هەریەک لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، سۆران و زاخۆ دابینکراوە.
پڕۆژەکە دەڵێت: "تاوەکو ئەمڕۆ ملیۆنێک و 161 هەزار هاوبەش کارەبای 24 کاژێرییان پێگەیشتووە، کە دەبێتە نزیکەی 4 ملیۆن و 427 هەزار کەس".
پڕۆژەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: "لە نرخی کارەبای 24 کاژێریدا، 80%ـی هاوبەشان پارەی کەمتریان بۆ دێتەوە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر بە موەلیدە و کارەبای نیشتمانییان دەدا".
حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 زیاتر لە 7,000 مۆلیدە بکوژێنێتەوە و کارەبای 24 کاژێری بۆ تەواوی ناوچەکان دابینبکات.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی "رووناکی" راگەیاند. لە مانگی ئایاریش ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پرۆژەکەی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ