هەولێر دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، ئەو خێزانانەی دوو خوێندکار یان زیاتریان لە خوێندنی پارالێڵ و ئێواران دەخوێنن، 50٪ داشکاندن بۆ هەریەکەیان دەکرێ.
ئەمڕۆ دووشەممە، 03-11-2025، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "بە واژۆی وەزیر، دوو خوێندکار یان زیاتری یەک خێزان، لە سیستمی پارالێڵ یان ئێواران بخوێنن، لێخۆشبوون بۆ هەریەکەیان بەرێژەی 50٪ لە کرێی خوێندنەکەیان دەکرێ، هاوشێوەی ساڵانی پێشوو."
گوتەبێژی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێ، فەرمانەکە وزارییە و پاڵپشتە بە کۆنووسی ژمارە یەکی ساڵی 2023 سەبارەت بە داشکاندنی کرێی خوێندن لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان و مەبەست لێی لەبەرچاوگرتنی دۆخی داراییە.
گوتەبێژی خوێندنی باڵا دەشڵێت، ئەم داشکاندنە سەرجەم خوێندکارانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا (دبلۆم، بەکالۆریۆس، دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆ حکومییەکان دەگرێتەوە.
کرێی ساڵانەی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران بەبێ داشکاندن بەپێی بەش و کۆلیژەکان، لەنێوان یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار بۆ 2 ملیۆن دیناردایە.
لەبارەی ژمارەی خوێندکارانی پارالێڵ و ئێواران لە زانکۆکەیان، د. یۆهان عوسمان حەمە، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی بە رووداوی گوت: "ژمارەیەکی زۆر خوێندکار لەو بڕیارەی خوێندنی باڵا سوودمەند دەبن. 5 هەزار و 540 خوێندکار لە پارالێڵ و ئێواران دەخوێنن."
د. یۆهان عوسمان حەمە گوتیشی: "مامەڵەی وەرگرتن و دابەزینیش ماوە؛ بابەتی گواستنەوە و گۆڕینی بەش و زانکۆیش ژمارەکان دەگۆڕێ."
سەبارەت بە ژمارەی قوتابی و خوێندکارانی پارالێڵ و ئێوارانی زانکۆی سەڵاحەدین، سامان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی زانکۆی سەڵاحەدین بە رووداوی گوت: "زیاتر لە 1500 قوتابی پارالێڵ و ئێوارانی قۆناخی یەکمان تۆمار کردوون. بێگومان ژمارەکە بەهۆی مامەڵە و رێکارەکانی دیکەوە دوای ماوەیەک دەگۆڕێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ