بڕیارە سبەی ئارام قادر لە سلێمانی دادگایی بکرێ

03-11-2025
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای نزیکەی پێنج مانگ لە دەستگیرکردنی، بڕیارە سبەی سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە سلێمانی دادگایی بکرێ. کوڕێکی دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ رێگە نەدراوە پارێزەرەکانی بیبینن.

ئارام قادر، کەسایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان، پێشتر لە حیزبەکانی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پۆستی هەبووە، دواتر بووە سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی، تاوەکو ئۆکتۆبەری پار دەستی لەکارکێشایەوە.
 
ئارام قادر لە 12ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ دەستگیرکرا، بە گوتەی کەسوکارەکەی، تاوەکو ئەمڕۆ دادگایی نەکراوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئارام قادر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارە سبەی 04-11-2025 مامۆستا ئارام قادر ببرێتە دادگا و دادوەری لێکۆڵینەوە کەیسەکەی ببینێت".
 
ئەحمەد، کوڕە گەورەی ئارام قادر بە رووداوی گوت: "چەند جارێک سەردانی باوکممان کردووە و دوایین جار 10 رۆژ لەمەوبەر بینیمان، بەڵام جگە لە هەواڵی یەکتر زانین رێگە نەدراوە بە هیچ شێوەیەک باسی کەیسەکەی بکەین".
 
کوڕەکەی ئارام قادر دەڵێت: "نەوەکو ئێمە ئاگامان لە کەیسەکەی و ئەو مادەیە نییە کە پێی دەدرێتە دادگا، بەڵکو پارێزەرەکانیشی تاوەکو ئەمڕۆ رێگە نەدراوە بیبینن و بزانن مادەکەی چییە".
 
هێزە ئەمنییەکان بە پاساوی "هەستاریی" کەیسەکە ئامادەنین زانیاری لەسەر بدەن، هەرچەند لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تۆمەتی کارکردن بۆ وڵاتانی دیکە دراوەتە پاڵ ئارام قادر، بەڵام نە هێزە ئەمنییەکان و نە ماڵباتەکەی ئەوە پشتڕاست ناکەنەوە.
 
ئارام قادر پۆستی هەستیاری هەبووە، لە بزووتنەوەی ئیسلامیدا بەرپرسی رێکخستن بووە، لە کۆمەڵی دادگەری بەرپرسی پەیوەندییەکان بووە، خۆی سەرۆکی هاوپەیمانی بووە. کوڕەکەی گوتی: "بەهۆی پۆست و ئەرکە سیاسییەکانییەوە، باوکم پەیوەندی لەگەڵ هەموو وڵاتان هەبووە، لەنێویاندا تورکیا، ئێران و وڵاتانی کەنداو. ئەوە یەکێتی و حکومەتیش زانیویانە، چونکە شاراوە نەبووە."
 
08-10-2025 دەستەی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، چەندین جار هەوڵیانداوە سەردانی ئارام قادر بکەن، بەڵام رێگەیان پێنەدراوە.
 
دەستەکە رایگەیاند: "لە 9-9-2025 نووسراومان ئاراستەی هێزێکی ئەمنی لە سلێمانی کرد کە ئاسانکاری و هاوکاریان بکرێ. هەروەها چەندین جار داوامان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە رێگە بە ئەندامێکی دەستە بدەن، سەردانی بکات بۆ ئاگادار بوون لە رەوشی تەندروستی و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵی لەڕووی مافی مرۆڤەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێگەیان پێنەدراوە".
 
دەستەی مافی مرۆڤ بە پشتبەستن بە یاساکەی کە لە ساڵی 2010 دەرچووە، بە مافی خۆی دەزانێ بەدواداچوون بکات لە چاکسازییەکان و بەندیخانەکان.
 
ئارام قادر کە ئێستا لە یەکێک لە زیندانەکانی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بەندکراوە، دوای ئەوەی ساڵی رابردوو لە هاوپەیمانیی نیشتمانی وازی هێنا، هیچ پۆستێکی سیاسیی نەبووە و نەچووەتە نێو هیچ لایەنێکی سیاسییەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە