رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نزیکەی 33٪ـی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان کتێبخانەیان تێدایە. ئاماژە بەوەش دەکات: ''لە دیزاینی نوێدا، رێگە بە کردنەوەی هیچ قوتابخانەیەک نادرێت، ئەگەر کتێبخانەی تێدا نەبێت.''
ئەمڕۆ دووشەممە، 03-11-2025، ئالان حەمەسەعید لە رێوڕەسمی کردنەوەی کتێبخانەی شێرکۆ بێکەس لەنێو ئامادەیی زناری نموونەیی سلێمانی رایگەیاند: ''وەزارەت گرنگیی تایبەت بە هەبوونی کتێبخانە لەنێو قوتابخانەکاندا دەدات، بۆ ئەوەی قوتابیان بتوانن لە رێگەی سەرچاوەیەکی دیکەی هاریکارەوە پەرە بە توانا زانستییەکانیان بدەن.''
بەگوتەی ئالان حەمەسەعید، 33٪ـی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان کتێبخانەیان تێدایە و گوتی: ''پڕۆژەی جێگرەوەش بۆ دەستڕاگەیشتنی هەموو مامۆستایان و قوتابیان بە کتێب، کتێبخانەی ئەلیکترۆنییە کە وەزارەتی پەروەردە رایگەیاندووە و هەزاران کتێبی بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی تێدایە.''
وەزیری پەرەوردەی هەرێمی کوردستان گوتی، بەبێ تەرخانکردنی شوێنێک بۆ کتێبخانە، رێگە بە کردنەوەی هیچ باڵەخانەیەکی نوێی قوتابخانەکان نادرێ.
لە ماوەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 250 قوتابخانەی نوێ دروستکراون. وەک ئالان حەمەسەعید دەڵێت، دیزاینی نوێی سەرجەم ئەو قوتابخانانەی کە پار تێیاندا دەست بە کارکردن کراوە، شوێنی تایبەت بۆ کتێبخانە دیاریکراون.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 6000 قوتابخانە هەن کە 57%یان لە هەولێر و دهۆک و 43%یان لە سلێمانی و هەڵەبجەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ