وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: زیاتر لە نیوەی هەرێمی کوردستان نەوتیان وەرگرتووە

03-12-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 151 ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر 756 هەزار خێزاندا دابەشکردووە و 23ملیۆن لیتریش لە کۆگاکاندان بۆ دابەشکردن؛ بەڵام بەرپرسانی دابەشکردنی نەوت لە سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێن، بەهۆی بەرزیی نرخەوە خەڵک وەری ناگرێت و دابەشکردنیان راگرتووە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 03-12-2023 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 151 ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر 756 هەزار خێزاندا دابەشکردووە، زیاتر لە 23 ملیۆن لیتریش لە کۆگاکاندان بۆ دابەشکردن.
 
سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ئەمڕۆ یەكشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نەوتی زۆرمان لە بەردەستە بۆ دابەشکردن، بەڵام دوو رۆژە دابەشکردنمان راگرتووە، چونکە خەڵک وەری ناگرن و چاوەڕوانن نرخی هەرزان ببێت، کە ئەویش روون نییە کەی دێت و چۆن دێت."
 
هەروەها ژیار ئەکرەم، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی پارێزگای هەڵەبجە ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، زۆرینەی خەڵکی سنوورەکەیان نەوتیان وەرگرتووە، بەڵام نزیکەی هەفتەیەکە دابەشکردنی نەوتیان راگرتووە. گوتیشی، "خەڵک دەڵێن نرخی بەرزە و وەری ناگرن، ئەگەرنا دەتوانین نەوتیان پێبدەین."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، لە پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 59 ملیۆن و 914 هەزار و 340 لیتر نەوت دابەشکراوە، لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، 32 ملیۆن و 287 هەزار لیتر نەوت دابەشکراوە، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینیش 58 ملیۆن 955 هەزار و 400 لیتر نەوت دابەشکراوە، کە گۆی گشتی ئەو نەوتەی دابەشکراوە 151 ملیۆن و 156 هەزار و 740 لیترە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، تاوەکو ئەمڕۆ 755 هەزار و 784 خێزان نەوتی سپییان وەرگرتووە، هەروەها 532 هەزار و 162 خێزان ماون نەوت وەربگرن.
 
لە پارێزگای هەولیر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زۆرترین خێزان سوودمەندبوون، کە 299 هەزار و 572 خێزانن، دوای ئەوان پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 294 هەزار و 777 خێزان یەکی بەرمیلێک نەوتیان وەرگرتووە، لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆش 161 هەزار و 435 خێزان نەوتی سپییان وەرگرتووە.
 
04-10-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکردووە کە هەر ماڵێک بەرمیلێکی 200 لیتری پێدەدرێت. نرخی بەرمیلێک نەوت 104 هەزار دینارە کە چوار هەزاری بۆ کرێی گواستنەوەیە.
 
ساڵی رابردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نەوتی بەسەر زیاتر لە 383 هەزار خێزانی ناوچە شاخاوییەکاندا دابەشکرد. لە 20ـی ئۆکتۆبەرەوە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکرد و تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئادار بەردەوام بوو.
 
ساڵی رابردوو زۆرترین نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر دابەشکرا کە زیاتر لە 31 ملیۆن لیتر بوو؛ لە ناوچە شاخاوییەکانی سلێمانی زیاتر لە 24 ملیۆن لیتر؛ لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک زیاتر لە 15 ملیۆن لیتر و لە ناوچە شاخاوییەکانی هەڵەبجەش زیاتر لە 639 هەزار لیتر نەوتی سپی دابەشکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە