رووداو دیجیتاڵ
لە خۆپێشاندانی ئەمڕۆی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سنووری سلێمانی، مامۆستایەکی خەڵکی هەڵەبجە دەستگیرکرا، هاوڕێیەکی دەڵێت، "دوای کاژێرێک مامۆستاکە ئازاد کراوە."
ئەمڕۆ یەکشەممە 03-12-2023، دانا عەبدول، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە خۆپێشاندانی ئەمڕۆی سلێمانیدا مامۆستا ئەبوبەکر میراودەلی لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە دەستگیر کرا."
ئەبوبەکر میراودەلی یەکێکە لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی لە هەڵەبجە و ئەمڕۆ بەشدار بووە لە خۆپێشاندانی سلێمانی، دانا عەبدول، کە هاوڕێی ئەو مامۆستایەیە دەڵێت، "مامۆستا ئەبوبەکر لە دەرەوەی خۆپێشاندانەکە لە شوێنێک چاوەڕوانی ئێمە بوو، تاوەکو گەیشتینە لای دەستگیر کرابوو."
دانا عەبدول گوتیشی، "بە هێزەکانی ئاسایشمان گوت: مامۆستا ئەبوبەکر ئازاد نەکەن، خۆپێشاندانی گەورە دەبەینە بەردەم ئاسایش. گوتمان: ئێوە بە هەشت کەس لێتان داوە؛ ئەوانیش گوتیان: ئازادی دەکەین و دوای کاژێرێک و کاژێر 02:30ی ئەمڕۆ ئازادیان کرد."
دەستگیرکردنی ئەو مامۆستایە لە شاری سلێمانی کاردانەوەی ناڕەزایی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 03-12-2023 لە کاژێر 10:00ی بەیانییەوە مامۆستایانی ناڕازی و بەشێک لە فەرمانبەرانی سلێمانی، هەڵەبجە، چەمچەماڵ و شار و شارۆچکەکانی دیکە لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی گردبوونەوە، جەختیان لە بایکۆتی خوێندن کردەوە و خوازیاری جێبەجێکردنی داواکارییەکانیانن.
لە 13ی ئەیلوولەوە دەوامی قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە، بەڵام مامۆستایان لە پەروەدەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە؛ ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە و بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی خوێندن داوای جێبەجێکردنی کۆمەڵێک داواکاری دەکەن.
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە؛ پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ