رووداو دیجیتاڵ
لە ئاستی پارێزگاکاندا ئەمساڵ تەنیا لە هەولێر بنەتۆو بە بەشێکی جووتیاران دراوە. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت، ساڵی داهاتوو بنەتۆوی زیاتر لە جووتیاران وەردەگرن و زیاتریش دابەش دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 03-12-2023 هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمساڵ لە ئاستی هەرێمی کوردستاندا تەنیا پارێزگا بووین بنەتۆومان بەسەر بەشێکی جووتیاراندا دابەشکرد کە 156 تۆن بنەتۆو بووە."
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، بنەتۆوەکانیان بە شێوەی پاڵپشتی لە هەفتەی رابردوو بۆ سەرەتای ئەم هەفتەیە دابەشکردووە و گوتی، "تۆنی بنەتۆومان بە 800 هەزار دینار لە جووتیاران کڕیبوو، بەڵام تۆنیمان بە 660 هەزار دینار دابەشکردەوە. ساڵی داهاتوو بنەتۆوی زیاتر وەردەگرین و بە پاڵپشتی دابەشی دەکەین."
رۆژی 26-11-2023 بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو تایبەت بوو بە کێشەی جووتیاران و دابەشنەکردنی بنەتۆو.
لە بەرنامەکەدا پشتیوان حەمەعەلی، بەڕێوەبەری بەشی بەرهەمهێنان و پەسندكردنی بنەتۆو لە كشتوكاڵی سلێمانی گوتی، "ساڵانێکی زۆرە دابینکردنی بنەتۆو لە ئەستۆی بەشی بەرهەمهێنان و پەسندكردنی بنەتۆوە لە کشتوکاڵی سلێمانی. هەموو ساڵێکیش بنەتۆومان بۆ جووتیاران دابین کردووە، بەڵام ئەم ساڵ نەمانتوانی بنەتۆویان پێ بدەین. ئەم ساڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان کێشەیەکمان بۆ دروستبوو لەسەر چۆنییەتی خەرجکردنی پارەی 2٪ـەکە، تەنانەت تاوەکو ئێستا بەشێکی پارەی بنەتۆوی پاری جووتیارانیشمان نەداوە."
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ رووداو، لە هەرێمی کوردستاندا پێنج ملیۆن دۆنم زەوی دێمی هەیە کە شیاوە بۆ چاندن و ئەمساڵ پلان هەیە سێ ملیۆن دۆنمی بە گەنم و جۆ بچێندرێت، بەتایبەت گەنم.
لە هەرێمی کوردستاندا ساڵانە زیاتر لە 50 هەزار جووتیار گەنم و جۆ دەچێنن، بەشێکی جووتیاران سوود لە بەرهەمەکانی خۆیان وەردەگرن بۆ هێشتنەوە و دابینکردنی بنەتۆو بۆ ساڵی نوێی چاندن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ