کوردستان
رەسوڵی ئامارێکی خستەڕوو و گوتی، "ساڵانە 15 بۆ 30 بوومەلەرزەی سووک تاوەکو مامناوەند لە چوارچێوەی پارێزگای سنەدا روودەدەن"
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خانووبەرەی پارێزگای سنە رایگەیاندووە، 53%ی خانووی گوندنشینانی پارێزگای سنە، مەرج و پێوەری ستانداردیان تێدا نییە و جێی دڵنیایی نین.
سەعید رەسوڵی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خانووبەرەی پارێزگای سنە ئاماژەی بە ستانداردە جیهانییەکانی دروستکردنی خانووبەرە کردووە و بە میدیای ئێرانی گوتووە، بوومەلەرزە یەکێک لە رووداوە سرووشتییەکانە، کە بەردەوام هەڕەشەیەکە لەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤەکان و لە ئەگەری تۆکمەنەبوونی خانووەکان، مەترسیی گیانی و ماڵیی فراوان بەرەوڕووی خەڵک دەبێتەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا رەسوڵی گوتوویەتی، "سەرەڕای هەوڵی حکومەت بۆ تووندوتۆڵکردنی خانووی گوندەکانی سنە، بەڵام هێشتا 53%یان مەرجەکانی سەلامەتییان تێدا رەچاو نەکراوە و کۆنن، لە ئەگەری روودانی بوومەلەرزەیەک، مەترسیی جیدی لەسەر گیان و ماڵی خەڵک دەبێت."
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خانووبەرەی پارێزگای سنە رەخنەی لە خەڵکی گوندەکانی پارێزگاکە گرتووە و دەڵێت، "بەداخەوە هێشتا بەشێکی زۆر لە گوندنشینان مەترسیی بوومەلەرزە بە جیدی وەرناگرن و هەوڵی تووندوتۆڵکردنی خانووەکانیان نادەن."
رەسوڵی ئامارێکی خستەڕوو و گوتی، "ساڵانە 15 بۆ 30 بوومەلەرزەی سووک تاوەکو مامناوەند لە چوارچێوەی پارێزگای سنەدا روودەدەن، گەرچی تاوەکو ئەمڕۆ خەسارەتێکی ئەوتۆیان نەداوە، بەڵام نیشانەی مەترسییەکی جیدین لەسەر پارێزگاکە."
جوگرافیای زاگرۆس، کە کوردستانیش بەشێکی بەرچاوی پێکدەهێنێت، شوێنی پێکدادانی دوو پەڕەی "عەرەبی و ئوراسیا"یە و لەسەر هێڵی بوومەلەرزە هەژمار دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ