رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا بەشەخۆراکی مانگی ئاب دابەش نەکراوە و هیچ زانیارییەکیش لەبارەی بەشەخۆراکی مانگەکانی دیکەوە نییە. بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر رایگەیاند، بەم نزیکانە بەشەخۆراکی مانگی ئاب دابەش دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 3ی کانوونی یەکەمی 2025، دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەشەخۆراک بۆ سێ مانگی داهاتوو ئامادەیە، بەشەخۆراکی مانگی ئابیش ئامادەیە، بەڵام چونکە بڕیارەکە لە عێراق دەردەچێت، چاوەڕێی بڕیاری ئەوانین."
بە گوتەی دلێر عەبدولواحید، ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا حەوت بەشەخۆراک دابەش کراوە. بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا هەشتەم بەشەخۆراک دابەش بکرێت.
ئەو بەشەخۆراکەی بڕیارە ئەم مانگە دابەش بکرێت، جگە لە ئارد، بۆ هەر کەسێک بریتییە لە: شەکر، برنج، رۆنی شل، لەتەکە نۆک و نیسک.
بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر گوتی: "ساڵانە 10 بەشەخۆراک دابەش دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچمان بۆ نەهاتووە لەبارەی دوو بەشەخۆراکەکەی دیکە. ساڵی رابردوو بەشەخۆراکی مانگی 10 لە ساڵی نوێدا دابەش کرا، بۆیە هەیە ئەم ساڵیش وابکەن."
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئەمڕۆ 93.91%ی هاونیشتمانییان لە هەرێمی کوردستان لە فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراکدا خۆیان تۆمار کردووە، کە بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەیە: هەولێر 94.14%، سلێمانی 93.68%، دهۆک 93.67% و هەڵەبجە 96.80%.
پێش گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت، بەڵام بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی، 294 هەزار و 432 هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی، بەشەخۆراکیان بڕدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ