رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ کردنەوەی گەورەترین باڵەخانەی کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان لە شاری هەولێر، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی دەڵێ: "ئەم تەلارە گەورەیە واتای ئەوە نییە پەیوەندییەکە بووەتە هاوپەیمانییەکی یاسایی، بەڵکو سیمبوولێکی بەهێزی مانەوەی ئەمریکایە کە پێویستە بکرێتە دەرفەتێک بۆ بەدامەزراوەییکردنی پەیوەندییەکان."
ئەمڕۆ چوارشەممە (3-12-2025)، چاوەکان لەسەر رێگەی سەرەکیی هەولێر-شەقڵاوەن کە تێیدا مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گەورەترین باڵەخانەی کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە جیهاندا دەکەنەوە. پڕۆژەکە تێچووەکەی نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار بووە و لەسەر رووبەری 200 هەزار مەتر دووجا (هاوتای 28 یاریگەی تۆپی پێ) دروستکراوە.
پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و واشنتن
د. بیلال وەهاب، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی - سلێمانی کە میوانی بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) بوو لە تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە سرووشتی پەیوەندیی نێوان هەولێر و واشنتن کرد.
د. بیلال گوتی: "پەیوەندییەکە دۆستایەتییەکی گەرمە و خوێنی تێدا ڕژاوە، چ لە شەڕی ئازادیی عێراق و چ لە شەڕی دژی داعش، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی پەیماننامەی یاسایی . جیاوازییەکە ئەوەیە، لەم پەیوەندییەدا ئەگەر بۆ کورد 'چەک'ـی تێدابێت بۆ بەرگریکردن، ئەوا 'پاسپۆرت'ـی تێدا نییە، واتە گەرەنتییەکی یاسایی نێودەوڵەتی نییە کە وەک بەشێک لە خاکی خۆی یان هاوپەیمانێکی ئەندام لە ناتۆ مامەڵەت لەگەڵ بکات."
بە گوتەی د. بیلال، نەبوونی ئەو چوارچێوە یاساییە وایکردووە پەیوەندییەکە زیاتر پشت بە "سۆز، بەرژەوەندیی کاتی و دۆستایەتی" ببەستێت کە ئەمانەش لە سیاسەتدا گۆڕانیان بەسەردا دێت، بۆیە کردنەوەی ئەم کۆنسووڵخانەیە دەبێت هاندەر بێت بۆ گۆڕینی پەیوەندییەکە "بۆ دامەزراوەیی".
"مایکرۆفۆنێک لە هەولێرەوە بۆ واشنتن"
سەبارەت بە بایەخی سیاسیی کردنەوەی ئەم باڵەخانەیە لەم کاتەدا، د. بیلال وەهاب ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە "سیمبوول و پەیامە".
ئەو پسپۆڕە گوتی: "ئەم بینایە مایکرۆفۆنێکە دراوە بە کورد تاوەکو دەنگی خۆی راستەوخۆ بگەیێنێتە واشنتن. بوونی گەورەترین کۆنسووڵخانە لە هەولێر، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەمریکا نایەوێ لەم ناوچەیە بکشێتەوە و کوردستان بە بەشێک لە نەخشەی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەزانێت."
بە گوتەی د. بیلال، جیاوازیی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی دیکەی دراوسێ ئەوەیە کە ئەمریکا "هێزی نەرم" بەکاردەهێنێت و "ئەمریکا بە زانکۆ، بە کۆنسووڵخانەی مۆدێرن، بە بەها دیموکراسییەکان دێتە پێشەوە، لەکاتێکدا دراوسێکانی دیکە بە درۆن و مووشەک و میلیشیا هەژموونی خۆیان دەسەپێنن، ئەمەش وایکردووە خەڵکی کوردستان لە رووی سۆزدارییەوە زیاتر مەیلیان بەلای ئەمریکادا هەبێت."
سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی هۆشداریش دەدات کە ئەم پشتیوانییە "چەکی سپی بۆ رۆژی تەنگانە نییە" ئەگەر کورد خۆی ئامادە نەکات.
د. بیلال گوتی: "نابێ چاوەڕێ بکەین ئەمریکا لە ئێمە پەرۆشتر بێت بۆ کوردستان. ئەوان دەڵێن ئێمە هاوکاریی پێشمەرگە دەکەین، بەڵام مەرجەکە ئەوەیە پێشمەرگە یەکگرتوو بێت نەک هی حیزبەکان بێ. ناکرێت لە کوردستانەوە دوو دەنگ بچێت بۆ واشنتن. دەبێت هەرێمی کوردستان وەک یەک پاکێج و یەک قەوارە مامەڵە بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ