کوردستان
کۆبوونەوەی سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە پیرمام. وێنە: بارەگای بارزانی
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کۆبوونەوە. بارەگای بارزانی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر هێزەکانی پێشمەرگەیان لە پیرمام کردووە.
رۆژی پێنجشەممە 04-01-2024، سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە پیرمام کۆبووەوە.
بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە دیدارەکە بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و هەڕەشە ئەمنییەکان ئاڵوگۆڕ کرا، هەروەها سەرکۆنەی هێرشکردن بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە پیرمام کرا.
کاژێر 11:45ـی رۆژی شەممە 30-12-2023 بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام لە پارێزگای هەولێر، بەڵام جگە لە زیانی مادی، زیانی گیانی لێ نەکەوتووە.
رۆژی 31-12-2023 هەر لەوبارەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە حکومەتی عێراق کرد رێکاری جیدی بەرامبەر بە بکەرانی ئەو هێرشە بگرێتەبەر بۆ دۆزينهوهى پهلاماردهران و بهسزاگهيانديان و بۆ ئهم مهبهسته لێكۆڵينهوهى هاوبهش و هاوئاهەنگی لهگهڵ حكومهتى ههرێمى كوردستاندا بكەن.
دواتر شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق "داوای لە دەزگا ئەمنییەکان کرد لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر دەستپێبکەن و دەزگا ئەمنییەکانی راسپارد لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی بکەن بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە."
لە کۆبوونەوەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی و فالح فەیازدا، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ و جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا کە پێشتر رێککەوتنیان لەسەر کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ