کوردستان
دڵشاد میرانی، مامۆستای ناڕازی لەکاتی بەشداریکردنی لە یەکێک لە خۆپێشاندانەکان لە ساڵانی رابردوو. وێنە: ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
دڵشاد میرانی، یەکێک لە مامۆستایانی ناڕازی لە شاری سلێمانی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا. سەنتەری میترۆ داوای ئازادکردنی دەکات و جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانیش دەڵێت: "ئەمڕۆ یان سبەی ئازاد دەکرێت."
تۆڕی هاوپەیمانیی 19 کە سەر بە سەنتەری میترۆیە، ئەمڕۆ یەکشەممە لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، "نیگەرانین لە هەڵكوتانە سەر ماڵی مامۆستا دڵشاد میرانی، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی و دەستگیركردنی بەبێ تۆمەتی روون؛ داوا لە لیژنەی ئەمنی شاری سلێمانی دەكەین روونكردنەوە لەسەر هۆكاری دەسگیركردنەكەی بدەن."
عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئاگاداری دەستگیرکردنی مامۆستا دڵشادین و لەسەرهێڵین بۆ ئازادکردنی؛ئەمڕۆ یان سبەی ئازاد دەکرێت."
جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان کە کار لە دۆسیەی ئەو مامۆستایەدا دەکات کە دوێنێ دەستگیرکراوە دەڵێت، "پێموایە هۆکارەکەی ئەوەیە مامۆستا دڵشاد میرانی کە کەسێکی دیاری نێو مامۆستایانی ناڕازییە داوای بایکۆتی کردووە و بۆیە دەستگیرکراوە. لە رابردووشدا یەکێک بووە لەو مامۆستایانەی ناڕەزایی دەربڕیوە و بایکۆتیان کردووە."
لە راگەیێندراوەکەی تۆڕی هاوپەیمانی 19دا هاتووە، دڵشاد میرانی لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا كە رۆژی شەممە بڵاوی کردووەتەوە، "داویكرد مووچەی بڕاوی فەرمانبەران و مامۆستایان كە لای حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانە خەرج بكرێ، كە زیاتر لە 46 مووچەیە، بۆ ئەمەش رایگەیاندبوو رۆژی یەكشەمە 04-01-2026 بایكۆتی سەرتاسەریی لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت."
بەگوێرەی پێناساندنی خۆیان، تۆڕی 19 "لە لایەن كۆمەڵێك رێكخراو و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دامەزراوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرەنیسپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكانی دیکەی تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەت بەندی 19ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ