تەندەری خاوێنکردنەوە کێشە دەخاتە نێوان سەرۆکی زانکۆی کۆیە و بەڵێندەرێک

04-02-2021
سیروان عەباس
نیشانەکردن زانکۆی کۆیە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی تەندەری خاوێنکردنەوەی زانکۆی کۆیە و بەشە ناوخۆییەکان، کێشە دەکەوێتە نێوان خاوەنی کۆمپانیایەک و سەرۆکی زانکۆی کۆیە، خاوەن کۆمپانیاکە سەرۆکی زانکۆ بەوە تۆمەتبار دەکات کە تەندەرەکە بۆ ئەو دەرچووە و داویەتی بە کۆمپانیایەکی دیکە، بەڵام سەرۆکی زانکۆ رەتیدەکاتەوە.
 
حەوێز عەزیز، خاوەنی کۆمپانیای تێشوو، بۆ کاری خاوێنکردنەوە بە رووداوی گوت: "کۆمپانیاکەمان کاری خاوێنکردنەوە بۆ شوێنە حکومییەکان دەکات، لە کەمکردنەوەیەکی نهێنیدا بۆ ئەمساڵ تەندەری خاوێنکردنەوەی زانکۆی کۆیە و بەشەناوخۆییەکان بۆ کۆمپانیاکەمان دەرچوو، بەڵام سەرۆکی زانکۆ لەبری ئێمە تەندەرەکەی بە کۆمپانیایەک دا کە لە ریزبەندی سێیەمدا بوو".
 
حەوێز عەزیز دەڵێت: "سەرەڕای ئەوەی لە رابردوودا سێجار بە نووسراوی فەرمی سوپاس و پێزانینمان پێشکێشکراوە، بۆ ئەمساڵیش کەمترین پارەمان بۆ خاوێنکردنەوە داواکرد، بەڵام نازانم بە چ بیانوویەک تەندەرەکە بە من نەدرا و درا بە کۆمپانیایەکی دیکە، ئەمە ستەمێکی ئاشکرا و گەندەڵییە".
 
وەلی مەحموود، سەرۆکی زانکۆی کۆیە بە رووداوی گوت: "ئێمە کە تەندەر رادەگەیێنین، رەزامەندیی لە وەزارەتی دارایی وەردەگرین، لە رۆژی راگەیاندنیشدا هەموو تەندەرەکان دێن و کەمکردنەوەکە بە چاودێری لیژنەیەکی تایبەت بەڕێوەدەچێت".
 
سەرۆکی زانکۆی کۆیە ئاماژە بەوە دەکات، لە رابردوودا تەندەرەکە سێجار بۆ کۆمپانیای تێشوو دەرچووە، بەڵام ئەمساڵ دراوەتە کۆمپانیایەکی دیکە.
 
رووداو پرسیاری ئەوەی لە سەرۆکی زانکۆی کۆیە کرد کە بۆچی کۆمپانیای تێشوو یەکەم بوو، بەڵام درا بە سێیەم؟ لە وەڵامدا وەلی مەحموود گوتی: "تەندەرەکان بە چاودێری لیژنە دەدرێ بە کۆمپانیا و لیژنە بڕیار دەدات نەک سەرۆکی زانکۆ، تەندەرەکەش بە کۆمپانیای دووەم دراوە نەک سێیەم، لە حەوت ئەندامی لیژنە، شەشیان لەگەڵ ئەوەدابوون بدرێتە دووەم، چونکە کۆمەڵێک مەرج و تایبەتمەندی باشتری تێدابوو".
 
سروود عەزیز، ئەندامی لیژنەی کردنەوەی تەندەرەکانی زانکۆی کۆیەیە، لەوبارەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "کاتێک خاوەن تەندەرەکان هاتنە لیژنەکەمان و زەرفەکانمان کردنەوە، هەریەکە و نرخێکی جیاوازی داواکردبوو، کەمترین نرخ کۆمپانیای تێشوو داوای کردبوو".
 
بەڵام بۆچی تەندەرەکە نەدرایە کۆمپانیای تێشوو، سروود عەزیز دەڵێت: "زانکۆ دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە تاوەکو جیاوازی 250 هەزار کرێی مانگانە بداتە کۆمپانیایەکی دیکە، هەرچەندە کۆمپانیای تێشوو کەمترین نرخی داواکردبوو، بەڵام پێی نەدرا، لە هۆکارەکەشی بە وردی ئاگادارنیم".
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی کردنەوەی تەندەرەکانی زانکۆی کۆیە ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی تەندەرەکە لە لیژنەی کردنەوە دیاریکرا، دواتر رەوانەی لیژنەی هەڵسەنگاندن دەکرێت و بڕیاری کۆتایی ئەو لیژنەیە دەیدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای یەکێتی و بارەگای مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە لە هەولێر

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر وەڵامی میران بەکر دەداتەوە

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر و میران بەکر، رۆژنامەڤان و سکرتێری پێشووی وەزیری پێشمەرگە، دوو گێڕانەوەی جیاواز بۆ رووداوەکەی شەوی رابردوو بڵاودەکەنەوە.