رووداو دیجیتاڵ
خزمەتگوزاری فەرمانگەیەک لە بەردەڕەش زیاتر لە 200 ملیۆن دینار دەبات و دواتر دەستگیر دەکرێت. دزیکردنەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکاری دادی بەردەڕەش کراوە.
ئەو کەسەی دزییەکەی کردووە وەکو خزمەتگوزار لەوێ کاری کردووە و نزیکەی چوار ساڵ خەریکی بردنی پارەکە بووە.
خزمەتگوزارەکە شارەزای فەرمانگەکە بووە بە هۆکاری ئەوەی رۆژانە لەوێ کاری کردووە و زانیویەتی پارە لەکوێ دادەنرێت، بۆیە چەند شەو جارێک چووەتە فەرمانگەکە و ھەر جارە و بڕێک پارەی بردووە.
سەرچاوەیەک لە فەرمانگەکە بە رووداوی راگەیاند: "بردنی پارەکە نزیکەی چوار ساڵی خایاندووە. ئەو خزمەتگوزارە بە ھاوکاریی کەسێکی دیکە لە دەرەوەی فەرمانگەکە زیاتر لە 200 ملیۆن دیناری بردووە."
سەرچاوەیەکی ئەمنیش لە بەردەڕەش کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی: "ئاگاداری کەیسەکەین و تۆمەتبار دەستگیرکراوە. لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە."
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کرد، تۆمەتبار دراوەتە دادگە و لەبارەی بڕی پارەکەیش گوتی: "زیاتر لە 200 ملیۆن دینارە."
شێوازی ئاشکرابوونی دزیکردنەکە
بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتییەکە کەوتوونەتە گومانەوە کاتێک زانیویانە بڕێکی زۆر پارە دیارنەماوە و هەربۆیە سەیر کامێرای چاودێریی فەرمانگەکەیان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە خزمەتگوزاری خۆیانە پارەکە دەبات.
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیەی نێو فەرمانگەکە بۆ رووداو، "خزمەتگوزارەکە سەرەتا کەم کەم پارەی بردووە، بەڵام دواتر کە زانیویەتی کەس بە دزییەکە نازانێت، بڕی زیاتری بردووە".
سەرچاوەکە گوتیشی: "لایەنە ئەمنییەکانمان ئاگادار کردنەوە و ئەوانیش دەستگیریان کرد".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ