رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شاندێکی لقی سێی پارتی سەردانی مەڵبەندی دووی رێکخستنی یەکێتی لە کەرکووک کرد و پرسی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە، یەکخستنی نێوماڵی کورد و رەوشی پێکەوەژیان لە کەرکووک تاوتوێکران.
ئەمڕۆ دووشەممە، 04-03-2024، شاندێکی لقی سێی پارتی بە سەرپەرشتیی محەممەد کەمال، بەرپرسی لقەکە سەردانی مەڵبەندی دووی رێکخستنی یەکێتییان کرد و لەلایەن رەوەند مەلا مەحموود، لێپرسراوی مەڵبەندی 2ی رێکخستنی یەکێتی لە کەرکووک پێشوازییان لێکرا.
دوای کۆبوونەوەکە، هەریەکە لە رەوەند مەلا محەموود و محەممەد کەمال لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا وردەکاریی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
هاوڕابوونی خۆیان لەسەر یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد لە پارێزگاکە دەربڕی و بەپێویستیان زانی لەگەڵ هەموو حیزب و لایەنە کوردستانییەکان کۆببنەوە.
رەوەند مەلا مەحموود گوتی، ''باسی دۆخی کەرکووکمان کرد کە لە داهاتوودا هەوڵ بدەین هەموو لایەنەکان پێکەوە بۆ سەرخستنی گەلی کورد کاری جددی بکەن.''
وەک لێپرسراوی مەڵبەندی 2ی رێکخستنی یەکێتی ئاماژەیدا، بەشێک لە کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ قسەکردن لەسەر کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و باس لەوە کرا کە هەموومان هەوڵ بدەین بۆ کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە.''
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک 16 کورسییە، دەنگدان بۆ پۆستى پارێزگار پێویستى بە نۆ کورسییە، هیچ کام لەو سێ پێکهاتەیە بە جیا ئەو ژمارەی کورسیەیان نییە.
محەممەد کەمال لەوبارەوە گوتی، ''هەوڵ دەدەین کەسێک لە پێکهاتەی کورد بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک بدۆزینەوە کە سەرجەم لایەنەکان رەزامەندییان لەسەری هەبێت و بتوانێت خزمەتی شار بکات.''
ئەوە لەکاتێکدایە، هەر کام لە پێکهاتەی عەرەب و تورکمانیش بە جۆرێک داوای پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەکەن.
دوێنێ یەکشەممە، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە بەغدا بۆ جاری دووەم لەگەڵ نوێنەرى لایەنە براوەکانی کەرکووک کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی شارەکە.
سوودانی راگەیاند، لە کۆبوونەوەى لەگەڵ لایەنە براوەکانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، رێککەوتوون گفتوگۆى دوو قۆڵیى نێوان هێزە سیاسییە براوەکان بەردەوام بن لەبارەى تاوتوێکردنى ئەو کارنامانەى پێشکێشیان کردووە بۆئەوەى لە ماوەى دوو هەفتەدا بگەنە یەک کارنامەى هاوبەش.
رەوەند مەلا مەحموود ئاماژەی بەوە کرد، ''تا ئێستا لە کەرکووک نێو ماڵی کورد یەکە و بیر لەوەش دەکەینەوە لەسەر هەموو بابەتەکان پێکەوە گفتوگۆ بکەین."
بۆیە ناو، بۆ پۆستی پارێزگار "بابەتێکی زۆر گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە دەبێ ئەنجوومەنی پارێزگاکە کارا بکرێتەوە و بیریش لەوە بکەینەوە نێو ماڵی کورد یەکگرتوو بێت.''
وەکو لایەنە کوردستانییەکان، یەکێتی کە لایەنی براوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە لە کەرکووک و پێنج کورسی بەدەستهێناوە، داوای پۆستی پارێزگار دەکات، پارتیش کە دوو کورسیی بەدەستهێناوە دەڵیت، با پارێزگار کەسێکی بێلایەن بێت.
تاوەکو ئێستا لەسەر ئەم بابەتە رێکنەکەوتوون؛ رەوەند مەلا مەحموود لەوبارەوە گوتی، ''بابەتی دیاریکردنی پارێزگار لەسەر مێزی گفتوگۆ یەکلایی دەکرێتەوە و پێویستە لە گفتوگۆکان بەردەوام بین.''
هاوکات، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لەوبارەوە ئاماژەیدا، ''تائێستا دوو دانیشتنی فەرمی لەوبارەوە لە بەغدا کراوە کە هێشتاش بابەتەکە بە کراوەیی ماوەتەوە، بۆیە ناتوانین پێش رووداوەکان بکەوین و دەبێ چاوەڕێ بکەین.''
هەردوو بەرپرسەکەی یەکێتی و پارتی باسیان لەوە کرد، بۆ لێکتێگەیشتنی زیاتر، لە داهاتوودا لە سەردانیکردنی لایەنە سیاسییەکان بەردەوام دەبن و جگە لە لایەنە کوردستانییەکان، سەردانی لایەنە سیاسییەکانی عەرەب و تورکمانیش دەکەن.
لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، یەکێتى پێنج کورسی بەدەستهێنا و براوەى یەکەم بوو.
هاوپەیمانیى عەرەبی سێ کورسیی بەدەستهێناوە، هەریەک لە پارتى، بەرەى تورکمانى، هاوپەیمانى قیادە یەکى دوو کورسی-یان بەدەستهێنا، هاوپەیمانیى عرووبە یەک کورسی و بابلیون کورسیى کۆتای ئەنجوومەنەکەى بردەوە.
''بە هاوبەشی بۆنەکان لە کەرکووک بەڕێوەدەبەین''
لێپرسراوی مەڵبەندی 2ی رێکخستنی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، لە بەشێکی کۆبوونەوەکەشدا باس لەوە کرا کە ''هەوڵ بدرێت هەموو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان رێوڕەسمی نەورۆز و سەرجەم بۆنەکانی دیکە بە هاوبەشی لە کەرکووک بەڕێوەببەن."
ئەوەش وەکو خۆی دەڵێت، بۆ ئەوەی "یەکگرتوویی نێوماڵی کورد زیاتر بێت و رەزامەندیی دانیشتووانی شارەکەش بەدەستبهێنین''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ