رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق 50 ملیار دیناری بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا تەرخانکرد و دەڵێت، دەست بە هەڵمەتێکی فراوانی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئاداری 2024، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە شنگال سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای کرد.
سوودانی رایگەیاند، ئامادەن دەست بە هەڵمەتێکی فراوانی ئاوەدانکردنەوەی شنگال بکەن، 50 ملیار دیناریان لە بودجەی فیدراڵی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا تەرخانکردووە و داوایان لە وەزارەتەکان کردووە فەرمانگەکانیان لە شنگال بکەنەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی رایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی پابەندە بە پشتیوانیکردنی حکومەتە خۆجێییەکان. راشیگەیاند، "کۆڵەگە، سامان و هەڵکەوتەی جوگرافی نەینەوا وادەکات ببێتە ناوەندێکی گرنگی ئابووری لەسەر ئاستی نیشتمانی دا."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامانجی کۆبوونەوەکەی لە شنگال روونکردەوە و گوتی، "پەیامێکە بۆ خەڵکی قەزاکە کە حکومەت ئامادەیە دەست بە هەڵمەتێکی فراوانی ئاوەدانکردنەوە بکات و کێشەکانی چارەسەر و دارایی پێویستیان بۆ تەرخان بکات".
ئەمە لەکاتێکدایە بەگوێرەى ئامارێکى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆى هێرشی داعش و داگیرکردنى قەزاى شنگال، 80%ـی ژێرخانى قەزاکە و 70%ـی خانووەکانى رووخاون.
سوودانی باسی "ئەو کارەساتە"ی کرد کە بەسەر کوردانی ئێزدی هاتووە و گوتی: "ئەمە بووەتە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی عێراقدا لە خۆڕاگریی و قوربانیداندا. پێویستە ئاشتیی کۆمەڵاتی، سەقامگیریی و برایەتی لە شنگال و تەواوی پارێزگاکە بەهێز بکرێت".
لە ئابی 2014 رێکخراوى داعش هێرشی کردە سەر قەزاى شنگال و بەهۆیەوە 48 هەزار خێزانى کوردى ئێزدى لەو قەزایە ئاوارە بوون؛ زۆرینەیان پەنایان بردە بەر شارەکانی هەرێمى کوردستان. داعش کۆمەڵکوژییەکی گەورەی لە شنگال کرد و هەزاران کوردی ئێزدیشی رفاند.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیکردەوە، پێویستە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە گیانی یەک تیمی کاربکەن و پێشتریش وەزارەتەکانی راسپاردووە، فەرمانگەکانیان لە شنگال بکەنەوە، وەک بەشێک لە رەخساندنی هەلومەرجی گەڕانەوەی ئاوارەکان، لەوانەش دەزگای شەهیدان بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی شەهیدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ