رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەسەر فراکسیۆنی دەم پارتی رایگەیاند، لە سەردانەکەیان بۆ لای ئۆجەلان لە ئیمراڵی، ئۆجەلان داوای لێکردوون گوێی بۆ بگرن و لە جاری داهاتوودا ئەوان قسە بکەن. راشیگەیاند رەنگە لەگەڵ پەروین بوڵدان، سەردانی رۆژئاوای کوردستان بکەن.
سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لەم پرۆسەیەی چارەسەریی پرسی کورد کرد، کە تاوەکو ئێستا بێ ناوە.
ئۆندەر: کاک دەوڵەت لە پەیوەندییە کەسییەکاندا زۆر زەریفە
کاتێک رۆژی 1-10-2024 کاتێک دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە پەرلەماندا و بە شێوەیەکی لەناکاو چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵدا کردن، بەشێک لە پەرلەمانتاران گوتیان: "سەرەتا وامانزانی کێشەیەک دروست دەبێت".
سری سورەیا ئۆندەر لەمبارەیەوە دەڵێت، ئەوانەی بەمجۆرە بیریان کردووەتەوە، دەوڵەت باخچەلییان نەناسیوە.
ئۆندەر گوتی: "کاک دەوڵەت لە پەیوەندیی رووبەڕوودا، یەکێک لە زەریفترین مرۆڤەکانە لەم جیهانی سیاسەتەدا کە بینیبێتم. کاتێک ئەحمەد تورک ساڵی 2016-2017 دەستگیرکرا و بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرچوو، (باخچەلی) پێداگریی کرد لەوەی کە نابێت دەستبەسەر بێت. بێگومان کاکە ئەحمەد کێشەی تەندروستیی هەیە، کاتێک هاتە ئیمراڵیش زۆر سەخت بوو بۆی، بەڵام حەسرەتی ئاشتی بۆی بووە وزە".
باخچەلی لە رۆژی گوتارەکەیدا پەیوەندیی بە ئۆندەرەوە کردووە
سری سورەیا ئۆندەر رایگەیاند، ئەو رۆژەی دەوڵەت باخچەلی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد لە کۆبوونەوەی دەم پارتیدا گوتار پێشکێش بکات، لەگەڵ شاندی ئاکپارتی لە کۆبوونەوەدا بوون و بەوهۆیەوە کۆبوونەوەکەیان دواخستووە.
ئۆندەر لەوکاتەدا لەگەڵ ئەحمەد تورک چوونەتە نووسینگەکەی خۆی لە پەرلەمان و گوتی: "چەند جارێک لە گوتارەکەمان روانی و سەیری ڤیدیۆکەشمان کرد. دواتر یاریدەدەرەکەم گوتی لە نووسینگەی بەڕێز باخچەلییەوە پەیوەندیمان پێوەکراوە. منیش وەرمگرت و دەنگەکەم دایە دەرەوە و کاک ئەحمەدیش گوێی لێ بوو. کاک دەوڵەت لە تەندروستیی پرسیم، منیش لە تەندروستیی ئەوم پرسی و گوتم، با ئاشتی ببینین، ئینجا با دواتر خوا ئەمانەتەکەی بباتەوە. ئەویش گوتی؛ حەیفت نەکرد؟ تۆ بوەستە هەڵپەڕکێی ئاشتی دەکەین. گوتیان گوتارەکەمتان پێ چۆن بوو؟ منیش گوتم، بزمارەکەتان لە عەرشی باڵا چەقاندووە، هێشتا باڵامان بەشی ئەوە ناکات هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین".
ئۆندەر هەروەها دەڵێت، دواتر باخچەلی قسەی لەگەڵ ئەحمەد تورک کرد، ئینجا چوونەتە لای باخچەلی.
سەردانەکانی ئیمراڵی
لەبارەی سەردانەکانی ئیمراڵییان، لەکاتێکدا ئۆندەر سەرۆکی شاندەکەیە، گوتی: "ئێمە ساڵی 2012 پرۆسەیەکی هاوشێوەمان دەستپێکرد کە نزیکەی سێ ساڵی خایاند.
لەبارەی پێشوازیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، گوتی: "کەسێکە دەیناسین و تواناکەی دەزانین. پێشوازیی کرد، شوێنی دانیشتنی نیشانداین، بێگومان نزیکەی 10 ساڵ بوو یەکدیمان نەبینیبوو، بۆیە باوەشمان بەیەکداکرد و دواتریش دانیشتین. لە تەندروستیی پرسیم، پرسیاری لە کاتی گرتووخانەی کرد و لە هاوڕێکانی پرسی. لە کاتی ئاساییدا پەروین خان دەستپێدەکات و دواتریش من قسە دەکەم، ئینجا ئەو (ئۆجەلان) بیرۆکەکانی دەخاتەڕوو. بەرپرسانی دەوڵەتیش لەوێ دادەنیشن و ژمارە و شوێنەکانیان دەگۆڕێت. ئەمجارەیان ئێمەی وەستاند و گوتی، ئەمجارە با کاتەکەمان باشتر بەکاربهێنین، پرسیارم هەن و من قسە دەکەم، جاری داهاتوو ئێوە چیتان هەبوو بیڵێن".
ئۆجەلان باسی چی کرد؟
لەبارەی نێوەرۆکی قسەکانی ئۆجەلان، سری سورەیا ئۆندەر رایگەیاند، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە بۆچی ئەو هەنگاوەی ئێستای لەڕووی مێژووییەوە گرنگە. هەروەها باسی لە رەهەندی فەلسەفیی ئەو هەنگاوەی کرد.
ئۆندەر سەبارەت بە قۆناخی چەکدانان و هەڵوێستی ئۆجەلان، گوتی: "ئەو لە پرۆسەی چارەسەریی رابردووشدا گەیشتبووە ئەو بۆچوونە. کەسانێک زۆر بێویژدانانە لەمبارەیەوە قسەیان دەکرد. ئەمە لەکاتێکدایە دایکانیش گوێ بۆ ئەمە دەگرن. با ئەو خەڵکە دایکێک و خەمەکانی ئەو دایکە بهێننە بەر چاوی خۆیان، ئینجا قسە لەسەر بابەتەکە بکەن".
بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی هەر لەبارەی هەنگاوەکەی دەوڵەت باخچەلی باسی لەوە کرد کە زۆر کەس سەرسام بوون بە بیستنی شتێکی وەها و گوتی: "بەڕێز مەسعود بارزانیش گوتی، سەیرە! سێ رۆژ بیرم لێکردووەتەوە، بە ئەگەری زۆرەوە ئاکپارتیش بیری لێکردووەتەوە".
ئۆندەر: لەوانەیە بچینە رۆژئاڤاش
سری سورەیا ئۆندەر گوتی: "سیاسەت بۆ مرۆڤەکان دەکرێت. لێرەدا مرۆڤ جێی باسە. خراپترین سزا کە سیاسەتڤانێک رووبەڕووی ببێتەوە ئەوەیە کە بە درۆزن بناسرێت. چونکە ئەوکاتە رووی سەیرکردنی رووخساری خەڵکت نابێت، با ئەمە بخەینە لاوە. چەک لە دەرەوەی بازنەیە، ئەمە هەمووان دەگرێتەوە؛ بەڵام من بە پێداگرییەوە دەڵێم، لەوانەیە لەگەڵ خاتوو پەروین بڕۆینە رۆژئاڤاش."
دەشڵێت: "لەوانەیە کێشە هەبن و مەقەسی نێوان پەکەکە و کەجەکە یەک نەگرێتەوە. ئێمە باس لە کێشە دەکەین و دەبێت چارەسەری بکەین، لەسەرمانە چارەسەری بکەین. ئیدی ئەمە پرسی هاوبەشی ئێمەیە. چی باش بێت، سەرنجمان دەخەیەنە سەر ئەو شتە".
دەمیرتاش بردراوەتە لای هاوژینەکەی لە نەخۆشخانە
سری سورەیا ئۆندەر هەروەها باسی لەوە کرد کە سەلاحەدین دەمیرتاش لەو شەوەی باشاک دەمیرتاشی هاوژینی نەستەرگەرییەکی گەورەی بۆ کراوە، بردراوەتە نەخۆشخانەکە.
ئۆندەر گوتی: "پارێزەرانی کاک سەرۆکمان دەمیرتاش داواکارییان ئاراستەی وەزارەتی داد کرد. من و خاتوو پەروین پرۆسەکەمان خێراتر کرد و داواکاری پێشکیش کرا. بەیانییەکەی نزیکەی کاژێر 9:00 کاک دەمیرتاشیان هێنایە نەخۆشخانەکە. نەشتەرگەرییەکە کرا. نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بوو. ئێمە باوەڕمان وایە و متمانەمان هەیە کە خاتوو باشاک یەکێکە لەو ژنە بەهێزانەی دەیانناسین. رووبەڕووی سەختیی زۆر بووەتەوە".
ئۆندەر رایگەیاند لەو کاتەی لە نەخۆشخانەکە بوونە و نەشتەرگەری کراوە، دەوڵەت باخچەلی تەلەفۆنی بۆ کردووە و گوتی: "بیستبووی کاک دەمیرتاش هێنراوە بۆ لای هاوژینەکەی. ئەوکاتەی کاک باخچەلی نەشتەرگەری بۆ کرا، کاک دەمیرتاش لە رێگەی منەوە پەیامێکی بۆ نارد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ خواست. جا کە بیستبووی پەیوەندیی کرد و گفتوگۆیەکی کورتمان کرد، دەنگی مۆبایلەکەمم دایە دەرەوە. کاک باخچەلی هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ باشاک دەمیرتاش خواست".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ