رووداو دیجیتاڵ
سلێمانی بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، مانگانە پێویستی بە 362 ملیار دینارە، نزیکەی 40 ملیار دیناریشی بۆ خزمەتگوزارییەکان، دەرماڵەی خوێندکاران، پارەی خۆڵ و خاشاک و کۆمپانیاکانی دەرمانە. حکومەت لە پارەی نەوت مانگانە 289 ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ سلێمانی دەنێرێت و ئەوەی دیکەی دەبێ پارێزگاکە خۆی دابینی بکات.
پارێزگای سلێمانی دەبێ مانگانە نزیکەی 110 ملیار دینار بۆ مووچە و خزمەتگوزارییەکان دابین بکات. داهاتی ئەو پارێزگایە بەپێی بڵاوکراوەکانی ماڵپەری شەفافیەت، رۆژانە دوو ملیار و 500 ملیۆن دینارە، مانگانەش نزیکەی 70 بۆ 75 ملیار پەیدا دەکات. بەو جۆرەش زۆرینەی مانگەکان نزیکەی 35 ملیار دینار تووشی کورتهێنان هەیە.
د. ماکوان جەمیل، سەرۆکی لقی سلێمانیی بانکی هەرێم بە رووداوی راگەیاند: "داهاتی سلێمانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، چونکە دەروازە سنوورییەکان بەرەو ئیفلیجبوون رۆیشتوون، وەزارەتی دارایی و ئابووریشمان لە هۆکارەکەی ئاگادار کردووەتەوە، داهاتی ناوخۆش کەمی کردووە، ئێمە مانگانە کورتهێنان تووش دەبین بە بەهای 131 ملیار دینار، چونکە راستەوخۆ دەبێت 90 ملیار لە پارەی داهاتی سلێمانی بدەین بە مووچە و 400 ملیاریش بدەین بە پارەی خزمەتگوزاری، ئەوەش کاریگەری کردووەتە سەر ئەوەی کە داهاتمان نەبێت."
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، داهات کەمی کردووە و کورتهێنانیش لە سلێمانی هەیە، بەڵام هیچیان بەو جۆرە نین کە بانکی هەرێم و ماڵپەڕی شەفافیەت دەیڵێن. لیژنەی دارایی و ئابووریی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش باس لەوە دەکات، هیچ ئاگایان لە داهاتی شارەکە نییە، نە خەرجی و نە داهات و نە کورتهێنان کەس پێیان ناڵێت چەندە.
کاسترۆ مەعرووف، سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابووریی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا 18 جار نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ زانینی داهات، بەڵام وەڵامیان نەداوینەتەوە و گوتوویانە تاوەکو لەسەروو خۆمانەوە کە مەبەستیان ئەنجوومەنی وەزیرانە، رێگەمان پێنەدرێت ناتوانین پێتان بڵین داهاتی سلێمانی چۆنە و چەندە."
مانگانە لە سلێمانی گرفتی دواکەوتنی مووچە دووبارە دەبێتەوە، بۆ ئەمەش تیمی یەکێتی لە حکومەت دەڵێن، هەولێر پارە نانێرێت و تیمی پارتیش دەڵێن، لە سلێمانی داهات دیارنامێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ