رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی بەهاری نوێ لە هەولێر بەهۆی ئاوی جۆگە شەڕ لەنێوان دوو دراوسێ دروست بوو، لە ئەنجامدا سێ کەس بە چەقۆ و گوللە بریندار بوون.
مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لەو گەڕەکەوە دەڵێ "شەڕەکە ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 4-5-2024) کاتێک دروست بووە کە منداڵی دوو خێزان لەنێو جۆگە یارییان کردووە و ئاوی پیسیان بەیەکدیدا کردووە، لەئەنجامدا دایکەکان بەشەڕ هاتوون و دواتر بووەتە شەڕی پیاوەکانی هەردوو خێزان."
پەیامنێری رووداو هەروەها دەڵێ "بەگوتەی دراوسێکانیان، شەڕەکە بە چەقۆ بووە و دواتر گوللەیان تەقاندووە، زۆر گوللە بە هەوادا تەقێنراون، بەڵام لەئەنجامی شەڕەکەدا دوو کەس بە چەقۆ و کەسێکیش بە گوللە بریندار بووە."
شاهێدحاڵێک کە هەر لە سەرەتای شەڕەکەوە لەو گەڕەکە بووە، بە رووداوی گوت "نزیکەی چوار مەخزەن گوللـەیان تەقاند."
رووداو زانیویەتی برینی بریندارەکان سووکە و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست نەکردووە.
ئێستا پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان لە گەڕەکەکەدان و رەوشەکە ئاسایی بووەتەوە. پەیامنێری رووداو هەروەها گوتی "بەشێکی شەڕکەرەکان دەستگیرکراون و هەندێکیشیان هەڵاتوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ