رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان رایدەگەینێت، سەرەڕای کەمبارانی، دۆخی کشتوکاڵی ناوچەکە لە چاو ساڵانی 2022 و 2023 باشترە و پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ 150 هەزار تۆن گەنمیان هەبێت.
شادیە حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە دۆخی کشتوکاڵی سنووری گەرمیان کرد و گوتی: "ئەم ساڵ دانەوێڵەی بەشی باکوور و رۆژهەڵاتی گەرمیان باشە، بەتایبەت ناحیەکانی مەیدان، شێخ تەویل، باوەنوور و بەشێکی ناحیەی قورەتوو، بەڵام بەشی باشووری گەرمیان وەک کفری، خانەقین، زنانە، کوڵەجۆو بەشێکی قۆرەتوو، زەوییە دێمییەکان دۆخیان باش نییە."
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان ئاماژەی بەوەدا لە هەموو ناوچەکان رێژەی باران بارین گەیشتووەتە 200 ملیمەتر، بەڵام گرفتەکە لە ناهاوسەنگی باران بارین بووە، "چونکە لە مانگی یەکدا هیچ بارانێک نەباریوە."
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان، نزیکەی 60 بۆ 70٪ بەرهەمی سنوورەکە مەترسی لەسەر نییە و ئێستا دروێنەی جۆ لە سنوورەکە دەستی پێکردووە و لە دوای 15ی ئایاریشەوە دروێنەی گەنم دەست پێدەکات.
لە سنووری گەرمیان 11 هەزار دۆنم زەوی بەراو هەیە و جووتیارانی سنوورەکەش نزیکەی 20 هەزار دۆنم زەوی دێمیان بەراو کردووە. ئەم ساڵ نزیکەی هەشت هەزار جووتیار زەوییەکانیان چاندووە کە زۆرینەیان گەنم بووە.
سەبارەت بە وەرگرتنی بەرهەمی جووتیاران، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان گوتی: "هەرچەندە عێراق بڕیاری داوە پلانی وەرگرتنی گەنم لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کراوە بێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان سنووردارە." گوتیشی: "وەکو ئامادەکاری لەگەڵ سایلۆی گەرمیان هاوئاهەنگیمان کردووە بۆ وەرگرتنی گەنم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ