رووداو دیجیتاڵ
ئەگەرچی ساڵانێکی دوورودرێژە ململانێی تووندی فیکری لەنێوان رەوتی ئیخوان و سەلەفیدا هەیە، بەڵام لەو کاتەوەی شەڕی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکردووە، ناکۆکیی نێوانیان زیاتر پەرەیسەندووە؛ ئەم بەرنامەیە دژیەکی زەقی هەردوولا لەبارەی چەندین بابەتەوە دەردەخات، بەتایبەت شەڕی غەززە.
لەم بەرنامەیەدا، د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد، مامۆستای زانکۆ، گوتاربێژی ئایینی و رابەری سەلەفییەکانی کوردستان لەگەڵ د. موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دیبەیتێکی گەرم دەکەن.
رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو گفتوگۆیەکی گرنگ و هەندێکجار گرژی لەنێوان دوو کەسایەتیی دیاری ئیسلامی لە کوردستان، د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد، رابەری سەلەفییەکان و د. موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس و بەتایبەتی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر رێکخست.
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد پێی وابوو حەماس بە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر "گەورەترین هەڵەی کردووە" و بووەتە هۆی کارەسات بۆ موسڵمانانی غەززە، لەنێویاندا کوژرانی زیاتر لە 50 هەزار کەس و کاولبوونی شارەکە. ناوبراو رەخنەی توندی لە (ئیخوان موسلمین) گرت کە "بە نەزانانە" پشتیوانییان لەو هەنگاوەی حەماس کردووە.
لە بەرامبەردا، د. موسەننا ئەمین، کە یەکگرتووی ئیسلامی وەک نزیک لە رەوتی ئیخوان موسلمین پۆلێن دەکرێت، بۆچوونێکی تەواو پێچەوانەی هەبوو. ئەو پێی وابوو حەماس "کارێکی باشی کردووە" و داوای لە موسڵمانان کرد پشتیوانی لە حەماس بکەن.
گفتوگۆکە بە روونی دابەشبوون و جیاوازیی قووڵی نێوان رەوتی سەلەفی و ئیخوانی لە کوردستان لەسەر ئەم پرسە دەرخست. هەروەها ئاماژە بە پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئەم دوو رەوتە کرا؛ سەلەفییەکان بە نزیک لە سعودیە، و حیزبە ئیسلامییەکان (وەک یەکگرتوو) بە نزیک لە قەتەر، تورکیا و ئێران دادەنرێن. د. عەبدوللـەتیف جەختی لەسەر قوربانییە مرۆییەکان دەکردەوە، لە کاتێکدا د. موسەننا پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە خۆڕاگری لە بەرامبەر ئیسرائیل خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنە.
د. عەبدوللـەتیف: هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر هەڵە بوو
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد لە سەرەتادا داوای سەرکەوتنی بۆ موسڵمانانی غەززە کرد، بەڵام جەختی کردەوە کە "نیەتەکانمان نابێت پێچەوانەی شەریعەت بێت". ئەو پێی وابوو هێرشی 7ی ئۆکتۆبەر "هەڵەیەکی گەورە بوو" و رایگەیاند "هیچ بەڵگەیەک لە قورئان و فەرموودەدا نییە کە پاڵپشتی کارەکەی حەماس بکات".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە "هەموو جەنگێک لە بەرژەوەندی ئیسرائیلە" و "هەر جەنگێک لەگەڵ ئیسرائیل کرابێت لە بەرژەوەندی ئەوان تەواو بووە". بە بۆچوونی ئەو، حەماس بە نوێنەرایەتی موسڵمانان ئەو شەڕەی نەکردووە و بەرپرسیارە لە کارەساتەکانی غەززە. رەخنەی تووندی لە ئیخوان موسلمین گرت و گوتی: "هەموو ئیخوانی جیهان بەهێندەی چارەكێكی سعودیە یارمەتی غەززەی نەداوە".
سەبارەت بە کۆکردنەوەی هاوکاری، د. عەبدوللـەتیف گوتی لە مزگەوتی بەهەشت هاوکاری کۆناکاتەوە چونکە نازانێت چۆن و بۆ کوێی بنێرێت، بەڵام داوای لە خەڵک کرد "هاوکارییەکانیان بۆ غەززە بۆ لای حاجی کاروان بنێرن". هاوکات ئاماژەی بە قسەیەکی پێشووی حاجی کاروان کرد کە گوتبووی "مێشوولەیەکیش رێگای نییە بچێتە غەززە" و پرسیاری کرد "کە مێشوولەیەک رێگەی نەبێت بڕواتە غەززە، نازانم حاجی کاروان ئەو هاوكاریانە چۆن دەگەیەنێتە غەززە". (جێی باسە لە سەرەتای مانگی نیسانی 2025، حاجی کاروان لە دیدارێکی رووداودا رایگەیاندبوو بە بەهای زیاتر لە 5 ملیۆن دۆلار هاوکاری لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ غەززە کۆکراوەتەوە).
لەبارەی عەلمانیەتەوە، د. عەبدوللـەتیف گوتی: "لەلای من عیلمانی تاكە پێڵاوێک ناهێنێ".
د. موسەننا ئەمین: فەلەستین پرسی هەموو موسڵمانانە
د. موسەننا ئەمین بە دیدێکی جیاوازەوە باسی بابەتەکەی کرد. ئەو سەرەتا ئاماژەی بەوەدا کە د. عەبدوللـەتیف بە تەنیا نوێنەرایەتی هەموو سەلەفییەکان ناکات و گوتی: "جۆرەها سەلەفی هەیە، وەک سەلەفی جیهادی و زانستی و مەدخەلی، دەخوازم ئەمانەی كوردستان مەدخەلی نەبن". لای ئەو، پرسی فەلەستین تەنیا پەیوەست نییە بە حەماسەوە، بەڵکو "پرسی هەموو موسڵمانانە".
د. موسەننا بە تووندی رەخنەی لە هەڵوێستی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی گرت و گوتی: "جیهانی ئیسلامی هاوبەشی ئەو تاوانانەیە كە لە غەززە دەكرێت" و "وڵاتانی جیهانی ئیسلامی تەنیا پشتیوانی لە كورسییەكانی خۆیان دەكەن". هەروەها ئاماژەی بە تورکیا کرد کە "دەیان رێككەوتنی ستراتیژی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە"، ئەمەش لە کاتێکدایە کە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان زۆرجار تۆمەتبار دەکرێت بەوەی بەهۆی نزیکییان لە تورکیاوە کەمترین رەخنەی لێدەگرن.
د. موسەننا پێی وابوو 7ی ئۆکتۆبەر هۆکارێک بووە بۆ بەرگری و گوتی: "فەلەستینییەكان جگە لە بەرگری بژاردەیەكی دیكەیان نییە" و "لە جیهادی بەرگریدا هەموو هەڵوێستێك رەوایە ئەگەر كارێكی خۆكوژیش بێت".
ناکۆکیی سەرەکی لەبارەی 7ی ئۆکتۆبەر
یەکێک لە خاڵە هەرە سەرەکییەکانی ناکۆکی نێوان دوو میوانەکە، هەڵسەنگاندنی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بوو.
د. عەبدوللـەتیف: "ئەو كارەی حەماس كردی هەڵەبوو... هێرشی 7ی ئۆکتۆبەر سەد لە سەد هەڵە بوو... ئەوەی حەماس كردی جەنگی هێرش بوو نەك بەرگریكردن... بە 20 ساڵ شەڕ هێندەی دوای 7ی ئۆکتۆبەر زیان بەر موسڵمانان نەكەوتووە".
د. موسەننا: "حەماس مافی پەلاماردانی ئیسرائیلی هەیە، چونكە خاكەكەی داگیر كراوە... من ناتوانم بڵێم حەماس خەڵەتی كرد... لە 2022دا 500 شەهید هەبووە خۆ ئەوكاتە 7ی ئۆکتۆبەر نەبووە... ئەگەر 7ی ئۆکتۆبەریش نەبوایە ئیسرائیل وازی دەهێنا؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر".
سەرکەوتن یان شکست؟ لێکدانەوەی شەڕی غەززە
ئایا حەماس لەم شەڕەدا سەرکەوتوو بوو یان شکستیهێنا؟ ئەمەش خاڵێکی دیکەی جیاکەرەوەی بۆچوونەکان بوو.
د. عەبدوللـەتیف: "کامەیە سەرکەوتن؟ خۆ قودس رزگار نەکراوە... پێشتر نزیكەی 4500 دیلی موسڵمانان هەبوون، ئێستا بووەتە 17 هەزار".
د. موسەننا باسی سەرکەوتنی مەعنەوی دەکات، "خۆڕاگرتنیان لە بەرامبەر ئیسرائیل سەرکەوتنە... لەم شەڕەدا سەدان ملیۆن دۆلار زیان بەر ئیسرائیل کەوتووە... لەبەرچاو دنیا ئیسرائیل بوو بە وڵاتێكی مرۆڤکوژ".
د. عەبدوللـەتیف: ئیخوان بەڵای ئوممەتە
ناکۆکییەکان درێژەیان کێشا بۆ هەڵوێست بەرامبەر ئیخوان موسلمین و حیزبە ئیسلامییەکان.
د. عەبدوللـەتیف: بە تووندی رەخنەی لە (ئیخوان موسلیمین - برایانی موسڵمان) گرت و بە "بەڵای ئوممەتی ئیسلامی" ناوی بردن. گوتیشی: "سەرکەوتن و شکست لەلای ئیخوان بە دەست خۆیانە، ئەگەر گوتیان سەرکەوتووین دەبێت ئێمەش تێکڕا بڵێین بەڵێ سەرکەوتن، هەر رەخنەیەک بگریت بە بێ بڕوا و دووڕووت دەزانن، ئەوەیان بەرامبەر من بەکارهێناوە". هەروەها حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستانی تۆمەتبار کرد بەوەی "تەنیا کار بۆ بەدەستهێنانی کورسی دەکەن" و "قەتەڕی و تورکی و ئێرانین".
د. موسەننا: لە وەڵامی قسەی "ئیخوان بەڵای ئوممەتە"، بە پێکەنینەوە و دوای ساتێک بێدەنگی گوتی: "ئیخوان بزووتنەوەیەکە بۆ ژیانەوەی دین، تەنانەت هەندێ لەو برایانەی ئێستا لەدوای د. عەبدوللەتیف نوێژ دەکەن پێشتر بە کاریگەری ئیخوان چوونەتە مزگەوت... هەر بۆ زانیاریت د. عەبدوللەتیف ئیخوان بڕوای بە کودەتا هەر نییە". د. عەبدوللـەتیفیش ئاماژەی بە پشتیوانی د. عەلی قەرەداغی بۆ ئەردۆغان کرد لە کاتی هەوڵی کودەتاکەی تورکیا.
هەڵوێستی وڵاتانی ئیسلامی
هەڵوێستی وڵاتان خاڵێکی دیکەی مشتومڕ بوو. د. عەبدوللـەتیف: "سعودیە تاجی سەرمانە لەسەر پڕۆگرامی سەلەفە... ئیسرائیل باڵیۆزخانەی لە سعودیە نییە، بەڵام لە قەتەڕ هەیەتی".
د. موسەننا: "بەشێک لە وڵاتانی ئیسلامی ئامادەنین پەیوەندی دبلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنن... ئیسرائیل باڵیۆزخانەی لە قەتەڕ نییە، بەڵام بنکەی سەربازی هەیە".
سەبارەت بە فەتواکەی د. عەلی قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان، کە داوای هاوکاری بۆ غەززەی کردبوو و هێرشەکانی ئیسرائیلی شەرمەزار کردبوو:
د. عەبدوللـەتیف پرسی: "بۆچی کەس بەدەم فەتواکەی عەلی قەرەداغییەوە نەچوو؟" و گوتی: "فەتواکەی د. عەلی قەرەداغی وردبینی تێدا نەکراوە... د. عەلی ناتوانێ کار بە فەتواکەی خۆشی بکات، چونكە ئەو داوای جیهادی چەكداری كردووە تەنانەت ئیخوانیش بەقسەیان نەكرد".
د. موسەننا وەڵامی دایەوە: "فەتواکەی د. عەلی باسی جیهادی چەكداری ناکات... جیهاد بە پارە و یارمەتی جۆراوجۆریش دەکرێت". هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە د. قەرەداغی وڵاتینامەی قەتەری هەیە.
رۆڵی سەرکردەکانی حەماس
رۆڵی سەرکردەکانی حەماس، بەتایبەت یەحیا سنوار و ئیسماعیل هەنییە، بووە جێی باس.
د. موسەننا: "دەبێت مێژووی مرۆڤایەتی شانازی بە یەحیا سنوارەوە بکات". د. عەبدوللـەتیف [قسەکانی پێدەبڕێت] "خوای گەورە سنوار بە شەهید قبوڵ بکات، بەڵام بیریشت نەچێت کە سنوار پێش شەهید بوون لە تونێلدا بووە، ئەو رۆژەی لە تونێلەکە هاتەدەرەوە شەهید بوو".
د. موسەننا [بە نیگەرانییەوە]: "سنوار لە دووری 100 مەتر لە دووژمن شەهیدبوو و تۆش دەڵێیت لە تونێلدا بووە... 36 کەس لە بنەماڵەی ئیسماعیل هەنییە شەهید بوون، خۆ ئەوانە لە هوتێل نەبوون... حەوت کەس لە سەرکردە باڵاکانی حەماس لەم شەڕەدا شەهید بوون، ئەوانە هەموویان لە تونێلدا بوون؟".
د. عەبدوللـەتیف: "خوا شاهیدە خۆشحاڵ نیم بە کوشتنی هەنییە و سنوار، بەڵام شتێک هەیە لەلای ئێوە سنوار گرنگە لەلای من ئەو هەموو ژن و منداڵە کە دەکوژرێن".
پەیوەندیی نێوان گرووپە ئیسلامییەکانی کوردستان
لە کۆتاییدا، باس لە پەیوەندیی نێوان گرووپە ئیسلامییەکانی کوردستان کرا. د. موسەننا د. عەبدوللـەتیفی تۆمەتبار کرد کە "(عوقدەی) لەگەڵ ئیخوان هەیە".
د. عەبدوللـەتیف وەڵامی دایەوە: "گرفتم لەگەڵ ئەو هەڵانە هەیە کە حەماس کردوویەتی نەک عوقدە بەرامبەر بە ئیخوان هەبێت".
د. موسەننا داوای لە د. عەبدوللـەتیف کرد سەردانی حیزبە ئیسلامییەکانیش بکات وەک چۆن سەردانی حیزبە عەلمانییەکان دەکات.
د. عەبدوللـەتیف: ئامادەیی دەربڕی بەڵام ئاماژەی بەوەدا وەڵامی پێویستی نەدراوەتەوە، وەک نموونە باسی هەوڵێکی کرد بۆ سەردانی مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین لە جەژنی رابردوودا کە سەرینەگرتووە. داواشی لە یەکگرتوو و کۆمەڵ کرد "نیەتیان بەرامبەر بە سەلەفییەکان پاکبکەنەوە" و گوتی: "با وەکو دوو برا رەخنە لە یەکتری بگرین".
د. موسەننا: هاوڕابوو و گوتی: "موسڵمانان برای یەکترن جا سۆفی بن یان سەلەفی... لای من یەکگرتوو بوون مەرجی ئیمانداری نییە، بەڵکو سەلەفی و سۆفیەکیش هەر برامانن".
بەراوردی خەباتی حەماس و پێشمەرگە و پرسیاری ئامادەبووان
هەندێک لە ئامادەبووان پرسیار و تێبینییان خستەڕوو. هاونیشتمانییەک پرسی: "کە کاتی خۆی پێشمەرگە خەباتیان کردووە دەکرێت بڵێن هەڵە بوون؟". د. عەبدوللـەتیف وەڵامی دایەوە: "لە 1974 کورد کە زانی شەڕ لە بەرژەوەندی نییە چەکی دانا، ئێستا ئەگەر حەماس دەزانێ شەڕ لە بەرژەوەندی نییە با هەوڵی راگرتنی بدات".
هاونیشتمانییەکی دیکە (هاوبۆچوونی د. عەبدوللـەتیف) پرسی: "پێوەرەکانی سەرکەوتن بەپێی ئایەت و فەرموودە چین؟" لەکاتێکدا باس لە کوژرانی نزیکەی 60 هەزار کەس دەکرێت (زۆربەیان فەلەستینین).
د. موسەننا لە وەڵامدا: "ئیسرائیل مەترسییە لەسەر تەواوی مرۆڤایەتی... بەشی زۆری ئەو چەکانەی لە شەڕی ئێران - عێراق بەکاردەهات لە ئیسرائیلەوە دابین دەکران".
رەتکردنەوەی "دینی ئیبراهیمی"
ئامادەبوویەکی لایەنگری د. عەبدوللـەتیف: "عەنکاوە باشترین نموونەیە کە ئیسلامییەکان... پێکەوەژیانیان قبوڵە".
گەنجێکی سەلەفی: "بەکڵانشینکۆفێکەوە شەڕی ئێف16 ناکرێت، دەبێت موسڵمانان لە غەززە شێوازی خەباتیان بگۆڕن".
گەنجێکی دیکەی لایەنگری د. عەبدوللـەتیف ئاشکرایکرد کە سەلەفییەکان "بەنهێنی" پارە بۆ غەززە دەنێرن ("منداڵێکم هەیە پارەی دەخیلەی خۆی بۆ غەززە ناردووە") و "بایکۆتی کەی ئێف سی و شتی ئیسڕائیلیمان کردووە".
خاڵێکی هاوبەشی نێوان هەردوو میوانەکە، رەتکردنەوەی بیرۆکەی "دینی ئیبراهیمی" بوو، کە مشتومڕی لەسەر بوو بەهۆی کۆنفرانسی نزای نیشتمانییەوە. د. موسەننا: "لەلای ئێمە دینێک نییە بەناوی دینی ئیبراهیمی". د. عەبدوللـەتیف: "منیش هەمان بۆچوونم هەیە دینێک نییە بەناوی دینی ئیبراهیمی".
لە کۆتاییدا، د. موسەننا نوکتەیەکی گێڕایەوە سەبارەت بە باوکێک کە لە شەڕدا دیل دەگیرێت و بۆ کوڕەکەی باس دەکات کە پێیان گوتوون یان سەرشۆڕی قبووڵ بکەن یان دەکوژرێن؛ کوڕەکە دەپرسێت چییان لە باوکەکە کردووە، ئەویش دەڵێت "ئێمەیان کوشت". هەرچەندە نوکتەکە بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکە بوو، بەڵام د. عەبدوللـەتیف ناڕەزایی دەربڕی و گوتی "نەدەبوو ئەو نوکتەیە بکەیت". د. موسەنناش روونیکردەوە کە مەبەستی ئەوە بووە نابێت موسڵمانان سەرشۆڕی قبووڵ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ