رووداو دیجیتاڵ
دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنى کەسێکى راگەیاند کە بە یەکێک لە مەترسیدارترین تۆمەتبارانى هەڕەشەى ئەلیکترۆنى لە کەرکووک دەیناسێنێت و پەرلەمانتار و بەرپرسانى ئەمنى و فەرمانبەرانى حکومى کردووەتە ئامانج.
دەستگیرکردنى ئەو کەسە بە گوێرەى راگەیێنراوێکى دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق بوو کە یەکشەممە 4ى ئایارى 2025 بڵاویکردەوە.
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "ئەو کەسەى دەستیگر کراوە، یەکێکە لە مەترسیدارترین ئەو کەسانەى کە لە تاوانى هەڕەشە و دنەدانى ئەلیکترۆنییەوە گلاوە و پلانداڕێژەرى زۆر لەو پەیجانەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە کە هەراى ناوەتەوە."
لە لێکۆڵینەوە بەراییەکاندا دەرکەوتووە، ئەو کەسەى دەستگیرکراوە چەندین کەسى کردووەتە ئامانج، لەوانە فەرمانبەرانى حکومەت، پەرلەمانتار، دادگەى تێهەڵچوونەوەى کەرکووک، ژمارەیەک لە بەرپرسانى ئەمنى، ئەکادیمیست و پزیشکان کە بەگوێرەى دەزگاکە "زیانى دەروونى و مادى بە دەیان قوربانى لە هەردوو رەگەزى نێر و مێ گەیاندووە".
عەبدوڵا میروەیس، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ماوەیەک لەمەوبەر لەسەر ئەو پرسى دنەدانە لە رێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەگەڵ دەزگاى ئاسایشى نیشتمانی کۆبوونەتەوە بۆ رێگرى لەو هەڵسوکەوتە کە بەگوتەى ئەو ئاماج لێى شکاندنى چەند کەسایەتییەک بووە.
دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق داواى لەو هاووڵاتییان کردووە کە رووبەڕووى هەڕەشە و دنەدان بوونەتەوە لە لایەن هەردوو پەیجى (ئەهل کەرکووک، هونا کەرکووک) سکاڵا لە دادگە تۆمار بکەن بەمەبەستى گرتنەبەرى رێوشوێنى یاسایى لە دژى ئەوکەسانەى کە لەو هەڕەشانەوە گلاون بۆ ئەوەى بەگوێرەى یاسا سزا بدرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ