ژنێک لە زاخۆ بەهۆی "خوێنی هەڵە"ـوە سێ رۆژە بێهۆشە

04-05-2025
عەدنان رەشید
بەرنامەی بەرپرسیار.
بەرنامەی بەرپرسیار.
A+ A-
 
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

شیلان ئیسماعیل تەمەنی 38 ساڵە و دایکی شەش منداڵە، بەمەبەستی لەدایکبوونی حەوتەمین منداڵی، رەوانەی نەخۆشخانەی ژنان و منداڵانی زاخۆ کراوە، کەسوکارەکەی دەڵێن، بەهۆی پێدانی "خوێنی هەڵە"وە سێ رۆژە بێهۆش بووە. تەندروستیی زاخۆ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە و دەڵێن "هەر کەسێک کەمتەرخەم بووبێت سزا دەدرێت". 
 
کاژێر 9ـی شەوی رۆژی پێنجشەممە، 01-05-2025، شیلان گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵانی زاخۆ. یاسین عەبدولڕەحمان، ئامۆزی شیلان و برای هاوژینی، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: " لە نەخۆشخانە گوتیان نەشتەرگەریی دەکەین و دوو بووتڵ خوێنمان پێویستە، ئەو کەسەی خوێنی بۆ پزیشک بردووە، گوتی؛ دوو جۆر خوێنمان بۆی بردووە."
 
جۆری خوێنی شیلان ئیسماعیل B+ـە؛ ئامۆزاکەی شیلان گوتی: "دوای نەشتەرگەرییەکە شیرینیمان بە کارمەندان دا و دڵمان خۆشبوو، گوتیان بڕۆنە دەرەوە. دواتر گوتیان تەندروستیی شیلان تێکچووە و ئەگەر هەیە نەشتەرگەرییەکەی هەڵەیەکی تێیدا هەبێت. دکتۆر گوتی، خوێنی A+مان پێداوە و هەڵەیەک روویداوە. چووینە لای شیلان، بینیمان دۆخی تێكچووە و دوای کەمێک بێهۆشبوو و جووڵەی نەما تاوەکو ئێستا."
 
 
کەسوکاری شیلان سکاڵایان تۆمارنەکردووە و سکاڵاش "تۆمار ناکەن". کێشەکەیان گەیاندووەتە لای بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی زاخۆ. لەمبارەوە یاسین عەبدولڕەحمان، گوتی: "بەڵێنی پێداین هەموو کارێک دەکەین و باشترین دکتۆر و خزمەت پێشکێشی شیلان دەکەین، ئەوەی لە توانامان بێت بۆی دەکەین."
 
تەندروستی زاخۆ رەتیکردەوە هیچ روونکردنەوەیەک لەسەر ئەم بابەتە بدات. بەڵام ئەمیر عەلی، گوتەبێژی تەندروستی زاخۆ، بە رووداوی راگەیاند: "لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە پێکهاتووە و ئەنجامەکەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین."
 
لە زانستی پزیشکیدا، وەرگرتنی خوێنی نەگونجاو یان بەدەر لە جۆری مرۆڤەکە خۆی، دەبێتە هۆی شکستهێنانی خرۆکە سوورەکانی خوێن و کاریگەریی بە رێژەی جیاجیا لە گورچیلە و فشاری خوێن دەکات، تاوەکو دەگاتە سەرئێشە، بێتاقەتی و بێهۆشی.
 
دکتۆر شۆخان محەممەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن، لە بەرنامەی بەرپرسیار، سەبارەت بە پێدانی جۆری خوێنی هەڵە بە نەخۆش، گوتی: "گواستنەوەی خوێن پرۆسەیەکی قورس و ئاڵۆزە، هەر کەسێک خوێن وەردەگرێت، ئەوەی لە بەفرگر دەریدەهێنێت، ئەوەی دەیگوازێتەوە و ئەوەی بە نەخۆش دەدات، دەبێت هەموویان دووجار دڵنیاببنەوە لە جۆری خوێنەکە. هەر نەخۆشێک خوێنی هەڵەی پێبدرێت، راستەوخۆ یان تاوەکو 24 کاژێر نیشانەکانی لێ دەردەکەوێت."
 
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵبوونی زاخۆ، بە رووداوی گوت: "شیلان ئیسماعیل شەوی هەیینی کاژێر لە نێوان 8:30 بۆ 9:00ـی شەو هێنراوەتە نەخۆشخانەکەمان و پێویستی بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری بوو. دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە بە سەرکەوتوویی، دوای دوو کاژێر تەندروستیی شیلان تێکچووە و رەوانەی بەشی چاودێریی چڕ کراوە لە نەخۆشخانەی گشتیی زاخۆ."
 
لەبارەی هۆکاری بێهۆشکەوتنی شیلانەوە، ئەو سەرچاوەیە گوتی: "لێکۆڵینەوەی سەرەتایی کراوە و دەرکەوتووە نەخۆشێک بە هەمان ناو لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و خوێنەکەیان تێکەڵ بووە، هەندێکی دیکەش دەڵێن، بەهۆی جەڵتەوە بێهۆش کەوتووە. نەخۆشخانە لیژنەیەکی پێکهێناوە و 5 پزیشک لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن و تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە. هەر لایەنێک کەمتەرخەم بووبێ، سزا دەدرێت."
 
شیلان ئیسماعیل کوڕێکی بووە و تەندروستی منداڵەکەی جێگیرە و بووەتە دایکی حەوت منداڵ. کەسوکاری شیلان چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەن و دەڵێن: "سکاڵا تۆمار ناکەین، چاومان لەوەیە پزیشکی باش دابینبکرێت و لە خودا داواکارین هۆشی بگەڕێتەوە و بە تەندروستییەکی باش بگەڕێتەوە ماڵ."
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی رێوڕەسم

کوردانی ئەمریکا لە نێو کۆنگرێس رێز لە سیناتۆر لیندزی گراهام دەگرن

وەک رێزێک بۆ پشتیوانییەکانی لە گەلی کورد، ژمارەیەک کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان لە واشنتن و لە نێو یانەی کۆنگرێسی ئەمریکا، رێوڕەسمێکی پێشوازیی تایبەتیان بۆ سێناتۆر لیندزی گراهام رێکخست.