رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ڤیتێرنەریی بۆکان رایگەیاند، لەسەر رێگەی بۆکان - سەقز، کەللەسەری 20 ئەسپ دۆزراونەتەوە، کە سەربڕدراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، چواری ئایاری 2025، ئیسماعیل محەممەدیانی، بەڕێوەبەری ڤیتێرنەریی بۆکان رایگەیاند، لەلایەن خەڵکی ناوچەکە لە دۆزینەوەی کەللەسەری ئەسپەکان ئاگادارکراونەتەوە، کەللە سەرەکانیش خرابوونە نێو عەللاگەوە.
بەڕێوەبەری ڤیتێرنەریی بۆکان دڵنیایی دایە خەڵک، کە لێکۆڵینەوە دەکەن و رایگەیاند، "لە هیچ شوێنێکی شارەکە ئەو گۆشتە نەفرۆشراوە و بەکارنەهێنراوە".
ئیسماعیل محەممەدیانی گوتی، بە هاوکاری موختاری گوندی قەلەندەر و کارمەندانی تۆڕی ڤێتێرنەری کەللەسەری ئەسپەکان کۆکرانەوە و لەنێوبران.
ئیسماعیل محەممەدیانی ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە ئەسپەکان لە سنووری ئەوان سەرنەبڕدراون، بەڵام بەدواداچوون دەکەن و رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرنەبەر کە ئەو کارەیان کردووە.
پێشتر لە پارێزگای سنە، چەند جارێک دەست بەسەر گۆشتی ئەسپدا گیراوە. بە گوتەی بەرپرسانی پارێزگاکە، تەنیا لە ساڵی 2024دا، زیاتر لە 11 تۆن گۆشتی ئەسپ لەو پارێزگایە دەستی بەسەردا گیراوە.
لە مانگی شوباتی 2024یش، خواردنگەیەک لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی ئەوەی ئەسپی سەربڕیبوو و گۆشتەکەی فرۆشتبوو، لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگەی چاودێریی بازاڕ و سزادانی ئەو پارێزگایەوە داخرابوو و خاوەنەکەی دەستگیرکرابوو.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڤێتێرنەری پارێزگای سنە تاوەکو ئێستا چەندین جار لەبارەی خواردنی گۆشتی ئەسپەوە هۆشداری داوەتە خەڵکی پارێزگاکە و رایگەیاندووە، "خواردنی گۆشتی ئەسپ مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەکانی هاوبەشی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ زیاد دەکات."
ئەو بەڕێوەبەرە داواشی لە خەڵک کردووە، "لە پێناو پاراستنی تەندروستی خۆیان و خێزانەکانیان خۆیان لە کڕین و خواردنی ئەم جۆرە گۆشتە بەدوور بگرن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ