رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی حەج، بازاڕی "بەدەل حەج" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گەرم بووە. لە کاتێکدا هەندێک کەس بە نرخێکی هەرزان بەڵێنی کردنی حەج بۆ کەسانی کۆچکردوو یان نەخۆش دەدەن، لایەنە فەرمییەکان و زانایانی ئایینی هۆشداری دەدەن و ئەو رێکلامانە بە "فێڵ و چەواشەکاری" ناودەبەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چەندین رێکلام بڵاوکراونەتەوە کە تێیدا نرخی بەدەل حەج لەنێوان 350 بۆ 800 دۆلار دیاریکراوە. ئەو کەس و کۆمپانیایانەی ئەم کارە دەکەن، دەڵێن لە رێگەی "قوتابیانی متمانەپێکراو" لە سعودیە پڕۆسەکە دەکەن.
حاجی سەباح عومەر، رێکخەرێکی بەدەل حەج بە رووداوی گوت: "ئەوانەی کارەکە دەکەن قوتابین و سعودیە رێگەیان پێ دەدات بۆ بژێویی ژیانیان ئەو کارە بکەن." ئەو بەڵێنی ناردنی ڤیدیۆی رۆژی عەرەفە و بڕوانامەی حەج بە کڕیارەکانی دەدات.
"ڤیدیۆکان بۆ چەندین کەس دەنێردرێن"
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تووندی دژی ئەو جۆرە رێکلامانە وەستاوەتەوە. کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە بە رووداوی راگەیاند: "ئەو رێکلامانە چەواشەکارین. کەسانی بیانی لە سعودیە بەکرێ دەگیرێن، لە چەند گۆشەیەکەوە ڤیدیۆ دەگرن و بۆ چەندین کەسی جیاوازی دەنێرن. بڕوانامەکانیش بە دوو هەزار دیناری عێراقی کۆپی دەکرێن و تەنیا ناوەکانیان دەگۆڕدرێن."
حەج و عومرە هۆشداری دەداتە کۆمپانیاکان و رایدەگەیێنێت کە لە رێگەی وەزارەتی رۆشنبیرییەوە کار دەکەن بۆ داخستنی ئەو کەناڵ و پەیجانەی رێکلام بۆ ئەو جۆرە حەجە دەکەن.
روانگەی شەرع؛ یەک کەس بۆ یەک حەج
لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، مامۆستا محەممەد ئێنەیی، ئەندامی لیژنەی باڵای فەتوا رایگەیاند: "یەک کەس لە یەک
کاتدا ناتوانێت بۆ دوو کەس یان زیاتر بەدەل حەج بکات، چونکە وەستان لە عەرەفە یەک کاتە و بۆ یەک کەسە."
هەروەها شێخ نیاز نەقشبەندی، پێشنوێژ و گوتاربێژ، ئاماژەی بە تێچووی حەج کرد و گوتی: "ئەوەی دانیشتووی سعودیەیە و حەج دەکات، تێچووەکەی نزیکەی 2000 دۆلارە، بۆیە شتی وا نییە بە 300 یان 500 دۆلار حەج بکرێت."
حاجی گۆران مەولوود، لە کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە، لە (بەرپرسیار) ئاشکرای کرد کە دوو ساڵە چیای عەرەفە سیم کراوە و چوونە ژوورەوە تەنیا بە "رێپێدانی"ی فەرمییە کە نرخەکەی نزیکەی سێ هەزار دۆلارە، ئەمەش گومانەکان لەسەر ئەو حەجە هەرزانانە زیاتر دەکات.
ئەمساڵ پێنج هەزار و 120 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ فەریزەی حەج بەڕێدەکەون. بڕیارە رۆژی 7ـی ئایار یەکەم گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەستپێبکات، گەشتەکانی سلێمانیش رۆژی 8ـی ئایار دەستپێدەکەن. پڕۆسەی گواستنەوەی هەموو حاجییانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی 33 گەشتی ئاسمانییەوە تاوەکو 17ـی ئایار بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ