رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک نوێنەری خەڵکی خۆی لە بەغدایە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو کێشانەی لە رابردوودا بۆ خەڵک و هەرێمی کوردستان دروستبوون. دەشڵێت، گەڕانەوەی فراکسیۆنی پارتی بۆ پەرلەمان بەستراوەتەوە بە ئەنجامی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
رۆژی دووشەممە 04ـی ئایاری 2026، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەڤان لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا رایگەیاند، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک کەسی یەکەمی هەرێمی کوردستان لە رووی حکومییەوە چووە بۆ بەغدا و لەگەڵ ئەوان باسی ئەو هەموو کێشانە دەکات کە تاوەکو ئێستا هەبوون، بۆ ئەوەی دووبارە نەبنەوە."
گوتەبێژی پارتی دەڵێت، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان نوێنەری خەڵکی هەرێمی کوردستانە، لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لایەنە سوننە و شیعەکان قسە دەکات لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت، تاوەکو لەمەودوا هەموو ئەو کێشانەی بۆ کوردستان و خەڵکەکەی دروستبووە، دروست نەبێتەوە." باسی لەوەش کرد، لەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا "باسی هەموو کێشەکان دەکرێت."
لە 18ی نیسانەوە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبوو، بەشداری دانیشتنەکان ناکەن و گەڕاونەتەوە بۆ هەولێر. لەبارەی هەڵوێستی ئێستای فراکسیۆنی پارتی، مەحموود محەممەد گوتی، "ئێمە بایکۆتی پەرلەمانمان نەکردووە، بەڵکو ئێمە فراکسیۆنی خۆمان بانگکردووەتەوە بۆ راوێژکردن و هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە؛ چوون یان نەچوونیشیان بەستراوەتەوە بە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان."
ئەم لێدوانانەی گوتەبێژی پارتی لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا. لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا لەگەڵ شاندێکی باڵای هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان کۆبووەوە و بڕیاریشە دواتر لەگەڵ ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان کۆببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ