رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا رێکارەکان بۆ پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی زێدەڕۆیی لەسەر زەویی دەوڵەت تووندتر بکات؛ وەزیری ناوخۆش راگەیاند، ئەزموونی سەرکەوتووی هەولێر لە رێگری لە زێدەڕۆیی بۆ هەموو پارێزگاکان دەگوازرێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 4ـی ئایاری 2026، بە سەرپەرشتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و بە ئامادەبوونی پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە دیوانی وەزارەت کرا. کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پاراستنی ژینگە و تووندکردنی رێکارەکانی دژی زێدەڕۆیی.
وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، وەزیری ناوخۆ ئەزموونی لێژنە تایبەتمەندەکانی پارێزگای هەولێری وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو هێنایەوە و بڕیاردرا ئەو ئەزموونە بۆ هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بگوازرێتەوە.
رێبەر ئەحمەد دەڵێت: "چاوپۆشی لە هیچ کەسێک نەکرێت و رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر هەر کەسێک بگرێتەبەر کە زێدەڕۆیی بکاتە سەر موڵک و ماڵی دەوڵەت."
بەپێی راگەیێندراوەکە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە مەترسییەکانی پیسبوونی ژینگە کرا. ئامادەبووان ستایشی (پڕۆژەی رووناکی)یان کرد کە بووەتە هۆی دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری و کوژانەوەی هەزاران مۆلیدە، کە سەرچاوەی سەرەکی گازی ژەهراوی بوون.
کۆبوونەوەکە چەند بڕیار و پێشنیازێکی گرنگی بۆ پاراستنی ژینگە خستەروو، لەوانە:
کەمکردنەوەی پلاستیک: پێشنیاز کرا کۆبوونەوە لەگەڵ کارگەکان بکرێت بۆ گۆڕینی عەلاگەی پلاستیک بۆ کاغەز و قوماش، هەروەها هاندانی کۆمپانیاکان بۆ بەکارهێنانی کارتۆن لە جیاتی پلاستیک بۆ ئاوی کانزایی و شیرەمەنییەکان.
دووبارە بەکارهێنانەوە: هاندانی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان بۆ سەرمایەگوزاری لە بواری دووبارە بەکارهێنانەوەی (Recycling) پلاستیک و شووشە.
هۆشیاریی کۆمەڵایەتی: جەختکرایەوە لەسەر رۆڵی مامۆستایانی ئایینی، میدیا و ناوەندەکانی خوێندن بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری ژینگەدۆستی.
وەزیری ناوخۆ دەسەڵاتی تەواوی دایە پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان تاوەکو یاسا و رێنماییەکانی پاراستنی ژینگە وەک خۆی جێبەجێ بکەن. رێبەر ئەحمەد گوتی:"سزای تووند بەسەر هەر کەس و لایەنێکدا بسەپێندرێت کە سروشت و ژینگەی کوردستان دەشێوێنێت".
ئەم بڕیارانەی وەزارەتی ناوخۆ دوای گشتاندنێکی فەرمی دێت کە لە 23ـی نیسانی 2026 دەرچووە و تێیدا هەموو هێزەکانی پۆلیس، هاتووچۆ، بەرگریی شارستانی و پۆلیسی دارستان راسپێردراون بۆ پاراستنی ژینگە و جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 6ـی ساڵی 2009.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ