چوارچێوەی هاوئاهەنگی 'ستایشی' نێچیرڤان بارزانی دەکات؛ 'شێوازی نەرمە و رێزی زۆری هەیە لە بەغدا'

37 خولەک له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەغدا
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەغدا
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نووری مالیکی، شێخی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە تەوقە و باوەشی گەرم لە بەغدا پێشوازیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد. سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ستایشی سیاسەتەکانی نێچیرڤان بارزانییان کرد.
 
نێچیرڤان بارزانی لە بەغدایە بۆ ئەوەی قۆناخێکی تازە و لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا هەڵبداتەوە.
 
یوسف کیلابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە رووداوی گوت، "ئەوەی لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی چاوەڕێ دەکەین و پێمانوایە کە بەوە ناسراوە شێوازێکی نەرمی هەیە و پێزانین و رێزی زۆری هەیە لە بەغدا، ئەوەى لێ چاوەڕێ دەکەین بە تەواوبوونی ئەم سەردانە، هێڵە گەورە و سەرەکییەکانی پێکهێنانی حکومەت دابنرێن."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "سه‌ركرده‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهەنگی، وێڕاى ده‌ربڕینی خۆشحاڵى به‌ سه‌ردانه‌كه‌، ستايشى هه‌ڵوێست و سياسه‌ته‌كانى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و ديد و بۆچوونه‌كانيان كرد له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و گرنگيى هاريكاريى هاوبه‌ش."
 
ئەحمەد عەدنان، ئەندامی دەستەی گشتیی بزووتنەوەی سادیقوون بە رووداوی گوت، "سەردانەکەی بەڕێز نێچیرڤان بازرانی، سەردانێکی گرنگە، دوای ئەو کرانەوە هات لە بابەتی پەیوەندیکردنی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان، حکومەت و تەنانەت هەموو لایەنە سیاسییەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، یان لەسەر ئاستی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت-یش هیوایان بەم سەردانە هەیە."
 
نێچیرڤان بارزانی بە جیا لەگەڵ هەریەک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ عەلی زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کۆبووەوە و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ تاوتوێ کران.
 
عەبدوڵڵا زەیدی، ئەندامی رەوتی حیکمە ئاماژەی بەوە کرد، "سەردانی فەخامەتی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا نوێ نییە، لە سەروبەندی پێکهێنانی حکومەتین، پێموایە شەممە یان دوای شەممە دانیشتنی پەرلەمان دەکرێت بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی حکومەت، بۆیە سەردانکردنە بۆ گفتوگۆ و لابردنی ئاستەنگییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان و دیاریکردنی حکومەت کارێکی گرنگی ئەم قۆناخەیە، هیوادارین لەم سەردانەدا رێکبکەوین لەسەر شێوەی ئەم حکومەتە و قەبارەی نوێنەرایەتی."
 
هەروەها نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان-یش کۆبووەوە و بڕیارە سبەی درێژە بە دیدارو کۆبوونەوەکانی بدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی

ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی: پێزانینمان هەیە بۆ نێچیرڤان بارزانی لە داکۆکی لە مافی پێکهاتەکانی عێراق

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە. سەرکردەکانی ئەنجوومەنەکە پێزانینی خۆیان بۆ رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق دەربڕی