ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی: پێزانینمان هەیە بۆ نێچیرڤان بارزانی لە داکۆکی لە مافی پێکهاتەکانی عێراق

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە. سەرکردەکانی ئەنجوومەنەکە پێزانینی خۆیان بۆ رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق دەربڕی.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 04-05-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە درێژەی دیدارەکانیدا لە بەغدا، لەگەڵ سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بارودۆخی سیاسیی وڵات و پێویستیی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری تاوتوێ کران، "هەردوولا جەختیان لە گرنگیی دیالۆگی نیشتمانی و لێکگەیشتنی نێوان هەموو پێکهاتە و هێزە سیاسییەکان کردەوە وەک کلیلی چارەسەر بۆ هەموو کێشەکان، بە شێوەیەک کە ماف و شایستەکانی هەموو لایەک بپارێزرێت."
 
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە حکومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە و هاوسەنگیی نێوان پێکهاتەکان بێت، خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەش لە پێشینەی کارەکانیدا بێت.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو، "سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی پێزانینی خۆیان بۆ رۆڵی هاوسەنگ و نیشتمانیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەربڕی لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق."
 
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی
 
دۆخی ناوچەکە و گرنگیی پاراستنی ئارامی و دوورخستنەوەی وڵات لە گرژییەکان، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو؛ تێیدا جەخت لە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و سەروەریی نیشتمانی کرایەوە.
 
ئەم دیدارە بەشێکە لە زنجیرە دیدارەکانی نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا، کە سەرەتا لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق و عەلی زەیدی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کۆبووەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە