رووداو دیجیتاڵ
دوو مامۆستای وانەبێژ بە تۆمەتی خۆپێشاندان لە شاری هەولێر دادگەیی کران، یەکێکیان دەڵێت، دادوەر بێتاوانیی سەلماندوون و دۆسییەکەیان داخراوە.
رۆژی یەكشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2023، عەلی رەئووف، مامۆستای وانەبێژ و یەکێک لە نوێنەری وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ لە دادگەی هەولێر من و مامۆستا کارزانی فیزیک دوای نزیکەی سێ کاژێر گفتوگۆ لە دانیشتنی دادگەدا، دادوەر بڕیاری بێتاوانی هەردووکمانی دەرکرد و ئازاد کراین".
رۆژی 6ـی ئەیلوولی 2022 لە هەولێر خۆپێشاندانێکی مامۆستایانی وانەبێژ بەڕێوەچوو، عەلی رەئووف دەڵێ، ئەو رۆژە نزیکەی 12 کاژێر لەلایەن بنکەی پۆلیسی خانەقاوە لە هەولێر راگیراون و دواتر بە کەفالەت تاوەکو رۆژی دادگەییکردن ئازادکراون.
ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی وانەبێژ ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ دادوەری دادگە پێیگوتوون، کە هەندێک تۆمەتیان خراوەتە پاڵ بۆ خۆپیشاندانەکەی ساڵی رابردوو وانەبووە. گوتیشی: "دادوەر گوتی ئێوە ئاژاوەگێڕ نەبوون لە خۆپیشاندان و بەبێ تاوان ناساندینی و دۆسییەکەمان داخرا".
لە چەند ساڵی رابردوودا چەند جارێک مامۆستایانی وانەبێژ خۆپێشاندان و ناڕەزایی جۆراوجۆریان بەڕێوەبردووە و داوایان کردووە، دابمەزرێن یان بکرێن بە گرێبەست.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە باشووری کوردستان 35 هەزار و 543 وانەبێژن، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە؛ کە مووچەی هەر وانەبێژێک بەگوێرەی بڕوانامەکەی لە نێوان 200 بۆ 400 هەزار دیناردایە.
بەگوێرەی یاسای خۆپێشاندان لە هەرێمی کوردستان؛ هەرکەسێک بەبێ مۆڵەت خۆپێشاندان بکات، سزاکەی بەندکردن دەبێت بە ماوەیەک کە لە مانگێک زیاتر نەبێت یان بە سزایەک لە 50 هەزار دینار کەمتر و لە 500 هەزار دیناریش زیاتر نەبێت، یان بە هەردووکی سزا دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ