رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تەرزەبارینی کۆتایی هەفتەی رابردووەوە کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی سەوزە لە بۆکان زیانیان بەرکەوت. دەوروبەری بۆکان پڕە لەو جۆرە کێڵگانە و دەیان کەس لە رێگەی سەوزە فرۆشتنەوە بژێویی ژیانیان دابین دەکەن؛ بەڵام تەرزە زیانی بە هەموویان گەیاندووە.
تەرزە بەرهەمی دارەکانیشی زۆر وەراندووە. لە دامێنی هەر دارێک بە دەیان و سەتان دەنکە میوەی وەریو دەبیندرێن؛ ئەوانەشی نەوەریون، زیانیانیان پێگەیشتووە و دواتر لە فرۆشتنەوەدا نرخێکی کەمتر لە بەرهەمی ساخ دەکەن.
تەرزەی رۆژی پێنجشەممە نزیکەی نیو کاژێر بەردەوام بوو، بەڵام هەموو ئەو زیانانەی بەجێهێشتووە. زیانی بە باخەکانی میوە و هەموو ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانە گەیاندووە، لە دەوروبەری شاری بۆکان چێندراون.
قایمقامی بۆکان رایگەیاندووە، تەرزە زیانی بە 2500 هێکتار باخ و زەویی کشتوکاڵیی ئەو شارە گەیاندووە و زیانی مادییەکەی بە زیاتر لە 100 ملیار تمەن دەخەمڵێندرێت، بەڵام باسێک لە قەرەبووکردنەوەیان ناکات.
ئەمساڵ رێژەی بارینەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر بوون لە پار؛ ئەوە جووتیارانی هیوادار کردبوو، بەرهەمی باشتریان هەبێت، بەڵام بارینی ناوەختی تەرزە و لە هەندێک شوێن بەفر، زیانی بە جووتیاران گەیاندووە. ئەوانەی زەوییەکانیان بیمەش کردووە دەڵێن، قەرەبوو نەکراونەتەوە یان قەرەبوویەکی زۆر کەمیان پێدەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ