رووداو دیجیتاڵ
دیوانی باڵای وڵات لە ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، سزای لەسێدارەدانی بۆ گەنجێکی کوردی خەڵکی سەردەشت دەرکرد.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، سێشەممە 3ی حوزەیرانی 2025 لەلایەن لقی 39ی دیوانی باڵای وڵات، سزای لەسێدارەدان بۆ (ئازاد شوجاعی)ی 32 ساڵ دەرکرد.
ئازاد شوجاعی لە مانگی ئەیلوولی 2023 بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" و "گواستنەوەی کەرەستە بۆ تیرۆرکردنی فەخریزادە دەستبەسەر کرابوو."
بەپێی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هرانا، هەر لەسەر ئەو دۆسیەیە، دوو هاووڵاتیی کوردی دیکە بە ناوەکانی ئیدریس ئالی، خەڵکی شاری سەردەشت و رەسووڵ ئەحمەد محەممەد، خەڵکی شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن لقی 2ی دادگەی شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" دادگایی کراون، هەمان ساڵ سزای سێدارەیان بە فەرمی پێ راگەیێندراوە.
ئەسغەر جەهانگیری، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادی ئێران لە کۆنفرانسێکی میدیایی رایگەیاندبوو، لە رەوتی ئەم دۆسیە لانیکەم 8 کەس دەستبەسەر کراون، کە سێ کەسیان لە قۆناخی یەکەمدا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
موحسین فەخریزادە مەهابادی لە زانایانی ئەتۆمی ئێران، رۆژی هەینی 27-11-2020 لە ناوچەی ئاوساردی دەماوەند، نزیک لە تاران، تیرۆر کرا و کاربەدەستانی ئێرانی ئەو کات ئیسرائیلیان بە ئەنجامدەری ئەم تیرۆرە تۆمەتبار کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ