رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی ئێران بە سەردانێکی فەرمی لە پارێزگای سنەیە. فەرمانگەی راگەیاندنی پارێزگاکە دەڵێت: ''کۆمەڵێک پڕۆژەی پیشەسازی و کانزایی بەسەردەکاتەوە.''
ئێوارەی رۆژی (چوارشەممە چوای ئایاری 2025)، سەیید محەممەد ئەتابەک، وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی ئێران بە سەردانێک گەیشتە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان و لەلایەن ئارەش لهۆنی، پارێزگارەوە پێشوازی لێکرا.
محەممەد ئەتابەک ژمارەیەک پڕۆژەی پیشەسازی و کانزایی لە شارەکانی دێولان، قوروە و بیجاری پارێزگاکە بەسەردەکاتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرمانگەی راگەیاندنی پارێزگای سنە، مەبەست لە سەردانی وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی ئێران ''پەرەپێدانی ژێرخانی بەرهەمهێنان، خێراتر جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان لە پارێزگاکە و راکێشانی وەبەرهێنەرانی زیاتر بۆ پڕۆژەکان'' دەبێت.
سەردانەکەی محەممەد ئەتابەک دوو رۆژ دەخایەنێت و بڕیارە سبەی پێنجشەممە، لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسانی خۆجێیی پارێزگاکەش کۆببێتەوە.
پارێزگای سنە لە بواری کشتوکاڵ، پیشەسازی، کانزا و دەروازە سنوورییەکان یەکێک لە گرنگترین پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ