رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) دەڵێ، چاوەڕێن لە چەند مانگی داهاتوودا پەکەکە بەو میکانیزمەی تورکیا دیاری دەکات و بە چاودێری میت و سوپا، چەک دابنێت؛ باس لەوەش دەکات، چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەکە هێزی رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەگرێتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 4ـی حوزەیرانی 2025، عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حیزبەکەی، بۆ راگەیاندنەکانی وڵاتەکەی قسەی کرد.
عومەر چەلیک لەبارەی پرۆسەی دانانی چەک و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رایگەیاند، نابێ ئەو بابەتە "تەنیا لە چوارچێوەی قسەدا بمێنیتەوە. سەرۆککۆمار زۆر بە روون و راشکاوی گوتی، دەبێ رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە و تەواوی درێژکراوەکانی و پێکهاتە و رێکخراوە نایاساییەکانی خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەکەکانیان دابنێن".
عومەر چەلیک گوتی: "مەبەست چییە لە درێژکراوەکان؟ مەبەست لە هەسەدەی سووریا و پژاکی ئێران و پێکهاتە هاوشێوەکانی دیکەشە. سەرۆککۆمارمان باسی لە رێکخراو و پێکهاتە نایاساییەکانی لە ئەورووپا و چەند وڵاتێکی دیکەی جیهان کرد کە سەرچاوەی دارایی بۆ تیرۆر دابین دەکەن و ئایدیۆلۆژیای تیرۆر بڵاودەکەنەوە. دەبێ هەموو ئەو پێکهاتە نایاساییانە لەگەڵ پەکەکە هەڵبوەشێنەوە. بۆیە گرنگە هەموو سەرنجەکە لەسەر خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە هەموو باڵەکانی لە سووریا و ئێران و هەموو ناوچەکانی دیکەش بێ."
گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند : "دەبێ پرۆسەی دانانی چەک هەموو جۆرە چەکێک بێ کەموکوڕی بگرێتەوە. ئەوەش لە رێگەی ئەو میکانیزمەوە دەکرێ کە تورکیا دیاری دەکات. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەزموونەی پێشتر هەبووە، میت و سوپای تورکیا پێمان رادەگەیێنن رێکخراوی تیرۆریستی چەکی داناوە یان نا. ئەگەر چەکەکانی دانا، چ جۆرێکن؟ ئایا رادەستمان دەکەن؟ میکانیزمی ئەم بابەتە ئامادەیە. چاومان لەوەیە لە چەند مانگی داهاتوودا پێشهاتێکی بەرجەستە لە دانان و رادەستکردنی چەکەکان ببینین".
عومەر چەلیک هەروەها گوتی: "لەگەڵ بەغدا، هەولێر و سلێمانی هەندێک بابەت هەن گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت و زۆر بابەتیش یەکلایی کراونەتەوە. بە واتایەکی دیکە لە چوارچێوەی ستراتیژییەتێکی گونجاودا کارەکان دەکەین. لەنێو تورکیاش دەم پارتی سەردانی کردن؛ سەردانەکان زۆر باش بوون. گومان لەوەدا نییە هەر پارت و لایەنێکی سیاسیی بۆچوون و هەڵسەنگاندنی جیاوازی بۆ بابەتەکان دەبێت و ئەوەش سرووشتییە. بەڵام نابێ جیاوازی بۆچوونەکان بابەتی سەرنج خستنە سەر دانان و رادەستکردنی چەکەکان دوور بخاتەوە. ئەو شێوازەی دانانی چەک لە عێراق جیاوازە لەوەی لە سووریا هەیە و دەکرێت".
تایبەت بە رۆژئاوای کوردستان، عومەر چەلیک گوتی: "ئەوەی سووریا بەم شێوەیەیە؛ پێویستە ئەم پێکهاتەیە (هەسەدە) هەڵبوەشێتەوە، ئەندامانی پەکەکە وڵاتەکە جێ بهێڵن و ئەو بەشەی مایەوە لەگەڵ سوپای سووریادا تێکەڵ بکرێت. ئیدی ئەو پەیامەی لە ئیمرالی بڵاوکرایەوە کە باس لە کۆتاییهاتنی قۆناخی چەکداری دەکات، هەمان شت بۆ سووریاش راستە و ئەوانیش دەگرێتەوە."
لەبارەی رێککەوتنی حکومەتی سووریا و هەسەدە، گوتەبێژی ئاکپارتی گوتی: "بەپێی رێککەوتنەکە ئەو ناوچانەی ژێردەستیان دەخرێتە ژێردەستی حکومەت و دەوڵەتی سووریا و هەسەدە چەکەکانی رادەست دەکات. دواتر ئەو ئەندامانەی کە بە تیرۆر تێوەنەگلاون، ئایا پارتێکی سیاسیی دادەمەزرێنن یان بەناوی دیکەوە چالاکیی سیاسیی دەکەن، ئەوە بەندە بە سەروەری و بڕیاری دەوڵەتی سووریا."
عومەر چەلیک رەتیکردەوە، بەرپرسانی حکومەتی وڵاتەکەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و بەرپرسانی هەسەدە کۆبوونەوەیان کردبێت و رایگەیاند، ئەوان "لەم نێوەندەدا تاوەکو ئێستا هیچ دیدار و کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا نەبووە. هەر کاتێک چەکیان دانا و ئەو چوارچێوەیەی باسمان کرد، جێبەجێیان کرد، ئیدی دەکرێ لە چوارچێوەی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریادا کۆبوونەوە و دیدار هەبێ. بۆ دانانی چەک و میکانیزم و هەنگاوەکانیشی، میت لەگەڵیان کۆدەبێتەوە."
گوتەبێژی ئاکپارتی گوتی، بەشێک لە زلهێزەکان "رێکخراوە تیرۆریستییەکانیان بۆ شەڕی وەکالەت بەکاردەهێنا. باسیان لە سایکس بیکۆ و خەونەکانیان دەکرد، ئەمەش وایکرد تورکیا بۆ لەباربردنی ئەو خەونانە چەندین ئۆپەراسیۆن لە باکووری سووریا ئەنجام بدات".
عومەر چەلیک دەڵێت: "ئەگەر ئەو ئۆپەراسیۆنانە نەبوونایە، ئەمڕۆ چەند دەوڵەتۆچکەیەکی تیرۆر لەخوار سنوورەکانمان دروست ببوون. زۆر گوتمان و دووپاتمان کردەوە هەر رێکخراوێکی تیرۆریستی هەوڵی دامەزراندنی ئەو جۆرە دەوڵەتۆچکە تیرۆرانە بدات، قبووڵی ناکەین. جەختمان لەوەش کردەوە هەر رێکخراوێک لەژێر هەر ناوێک بێت هەوڵی پارچەپارچەکردنی سووریا بدات و هەڕەشە بۆ ئاسایشی نیشتمانیی و سنوورەکانمان دروست بکات، شەوێک لەناکاو بەسەریاندا دەدەین."
عومەر چەلیک گوتی، هەندێک لایەن بەو جۆرە قسە دەکەن کە گوایە تورکیا یان ئەردۆغان یان ئاکپارتی و هاوپەیمانی جمهوور دژی دەستکەوتەکانی کوردە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و گوتی: "ئەگەر بابەتەکە پەیوەندی بە دەستکەوتی کوردەوە بێت لە سووریا، پێش ئەوەی ئەسەد ئەو کۆمەڵکوژییانە لە سووریا بکات، سەرۆککۆمارمان بە ئەسەدی گوت کوردی وڵاتەکەی خۆت ناسنامەیان نییە؛ ناسنامەیان پێبدە و هاوشێوەی پێکهاتەکانی دیکە مافیان پێ بدە. هیچ فراکسیۆنێک بوێریی ئەوەی نەدەکرد باس لە کوردی سووریا لە پەرلەمان بکات. ئەردۆغان لە پەرلەمان باسی بابەتەکەی کرد و لە گوتاری پەرلەماندا بە فەرمیی داوای پێدانی ناسنامە و ماف بۆ کوردی سووریا راگەیاند. لەبارەی رووداوەکانی کۆبانێش سەرۆککۆمارمان ئیرادەیەکی زۆر گەورەی نیشاندا کە دەرگەی یارمەتی بۆ برایانی کوردمان کردەوە (چوونی پێشمەرگەی کوردستان) بۆ ئەوەی لە کۆمەڵکوژی رزگاریان بێت. پشتیوانی لە دەستکەوت و مافی هەموو پێکهاتەکان دەکەین بە کورد، عەرەب، تورکمان، دروزەکان و سونییەکان، بەڵام لە چوارچێوەی سەروەری سووریا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ