رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى دوو سکاڵای کرد کە لەلایەن دوو بەربژێرى پێشووى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە لە دژى دوو پەرلەمانتاری یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە پەرلەمانى عێراق تۆمار کرابوون؛ یەکێک لەوانەی سکاڵاکەی لەسەر تۆمارکراوە دەڵێت، "دادگە لە بەرژەوەندیی ئێمە بڕیاری دا."
رۆژی دووشەممە 4ی تەممووزی 2022، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی سکاڵای لە دژ تۆمارکرابوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە مافی خۆمان بوو کە دادگە بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات، بە بەڵگەوە دژی ساختەکاری لە هەولێر سکاڵام تۆمار کردبوو، هەربۆیە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگە لە بەرژەوەندیی ئێمە یەکلابووەوە."
بەگوێرەى ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردن، لەیلا ئەکرەم، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان هەشت هەزار و 517 دەنگی بەدەستهێنا و توانیی سەرکەوێت بۆ پەرلەمانی عێراق، بەڵام دوای پێداچوونەوە بە تانەکان، هەرێم کەمال ئاغا هەشت هەزار و 920 دەنگی هێنا و شوێنی بەربژێرەکەی پارتیی گرتەوە، بۆیە لەیلا ئەکرەم لە دادگەی فیدراڵی سکاڵای تۆمارکرد.
هەرێم کەمال ئاغا دەڵێت، "لە هەولێر ساختەکاری کرابوو، منیش تانەم لە ئەنجامە بەراییەکان دا و دواتر سەرکەوتم؛ لیستی ناوی هەموو ئەوانەم لایە کە زیاتر لە جارێک لە هەولێر دەنگیان داوە و سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەم، لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کەیسەکە دەجووڵێنێت."
بەگوێرەى ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن، عەبدولسەلام بەرزنجی، بەربژێری پارتی لە سنووری پارێزگای نەینەوا، توانیی کورسییەکی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، بەڵام دوای پێداچوونەوە و تانەدان، ئەنجامەکە گۆڕا و رۆنزى زیاد سیدۆ، بەربژێری یەکێتی بە هەشت هەزار و 183 دەنگ توانیی شوێنی عەبدولسەلام بگرێتەوە کە حەوت هەزار و 222 دەنگى بەدەستهێنابوو.
عەبدولسلام بەرزنجى، بەربژێرى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا، سکاڵاى یاسایی لە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تۆمار کردووە، لە دژى رۆنزى زیاد سیدۆ.
ئەمڕۆ دووشەممە پێش بڕیارەکەی دادگە لەیلا ئەکرەم سەعید بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "سکاڵاکەم بەهۆى ئەوە بووە کە لەسەر سکاڵایەکى هەرێم کەمال ئاغا نۆ سندووقى دەنگدانى هەولێر بە پاساوى دووبارەبوونەوەى دەنگدان هەڵوەشێندراوەتەوە و بەهۆیەوە ئەو لە جێگەى من بووە پەرلەمانتار، داوامان کردووە ئەو سندووقانە هەژمار بکرێنەوە، چونکە گومانمان هەیە کە دەنگى دووبارەى تێدا بووبێت، کە پێشتر بەو پاساوە هەڵوەشێندرانەوە."
هاوکات عەبدولسەلام بەرزنجى بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئێمە پێمانوایە ستەممان لێکراوە و دەبوو ئێمە لەبرى ئەو خاتوونە ئەندامى پەرلەمان بین". هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو، "ئەمە دووەم کۆبوونەوەى دادگەى باڵاى فیدراڵییە لەبارەى ئەو کەیسەى ئێمەوە بکرێت."
لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، کە لە 10ى تشرینى یەکەمى 2021 بەڕێوەچوو، پارتى دیموکراتى کوردستان 31 کورسی و یەکێتى نیشتمانیى کوردستان 18 کورسیی پەرلەمانیان بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ