کوردستان
بەگوێرەی کەشناسیی ورمێ، پلەی گەرما لە 24 کاژێری رابردوو لە پارێزگاکە تێکڕا 9 پلە بۆ 34 پلەی سیلیزی بووە.
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە ئێوارەی رۆژی دووشەممەوە باران بارین دەستیپێکردووە و تاوەکو رۆژی چوارشەممە لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای ورمێ دەبارێت.
مەهدی سابیری، بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە ئێوارەی رۆژی دووشەممەوە لە ناوچەکانی باکووری پارێزگای ورمێ بارانبارین دەستیپێکردووە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو رۆژی چوارشەممە، 5ـی تەممووز بەردەوام بێت و بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی پارێزگای ورمێ بگرێتەوە.
مەهدی سابیری دەڵیت، "لە ناوچە کوێستانییەکانی پارێزگای ورمێ، بەتایبەتی باکووری شاری ورمێ ئەگەری بارینی تەرزە و نزمبوونەوەی پلەی گەرما هەیە و لە رۆژی پێنجشەممەوە چاوەڕوان دەکرێت کەشەکە ئاسایی بێتەوە و پلەی گەرما بەرزببێتەوە".
بەگوێرەی کەشناسیی پارێزگای ورمێ، پلەی گەرما لە 24 کاژێری رابردوو لە پارێزگاکە تێکڕا لەنێوان 9 پلە بۆ 34 پلەی سیلیزی بووە کە شاری تکاب بە 9 پلە فێنکترین و پولدەشت بە 34 پلەی سیلیزی، گەرمترین شاری پارێزگای ورمێ بوون.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی پارێزگای ورمێ پێشبینی دەکات، لە رۆژی پێنجشەممە، 6ـی تەممووزەوە پلەی گەرما لە هەموو شارەکان بەرزببێتەوە و لە نێوان 19 بۆ 39 پلەی سیلیزی بێت.
ورمێ پارێزگایەکی کوێستانیی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ئەمساڵ زۆرترین رێژەی بارانبارین لەو پارێزگایە، لە شاری سەردەشت تۆمارکراوە و 272.9 میلیمەتر بارانی لێ باریوە و کەمترین رێژەی بارانبارینیش لە شاری پولدەشت بووە، کە گەیشتووەتە 163 میلیمەتر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ