کوردستان
ژمارەیەک لە حاجییانی کورد دوای پەڕینەوەیان لە دەروازەی سنووریی عەرعەر. وێنە: وەزارەتی ئەوقاف
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو حاجییانەی لە رێگەی وشکانییەوە سەردانی سعودیەیان کردبوو، خاکی ئەو وڵاتەیان جێهێشتووە و سبەی دەگەنەوە هەرێمی کوردستان.
رۆژی سێشەممە 4ی تەممووزی 2023 نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، حاجییانی هەرێمی کوردستان کە لە رێگەی وشکانییەوە سەردانی سعودیەیان کردبوو، ئێوارەی ئەمڕۆ خاکی سعودیەیان جێهێشتووە و گەیشتوونەتەوە عێراق.
ژمارەی ئەو هاونیشتمانییانەی ئەمساڵ بە رێگەی وشكانی چوون بۆ حەج 690 کەس بوون. نەبەز ئیسماعیل دەڵێت، تەواوی ئەو حاجییانە عەرعەریان جێهێشتووە و هەموویان تەندروستییان باشە، بڕیارە بەرەبەیانی سبەی چوارشەممە بگەنەوە هەرێمی کوردستان.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو حاجییانەی دیکەی هەرێمی کوردستان کە لە رێگەی ئاسمانییەوە گەشتی سعودیەیان کردبوو، لە 7ی ئەم مانگەوە گەڕانەوەیان لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە دەستپێدەکات.
ئەمساڵ پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەج 4684 کەس بوو؛ لەو ژمارەیە 690 کەسیان لە رێگەی وشکانییەوە گەشتیان کردووە.
یەکەم گەشتی هاونیشتمانییان بۆ سعودیە 9ی حوزەیران بە رێگەی وشکانی دەستیپێکرد؛ گەشتی ئاسمانیش لە 12ی حوزەیرانەوە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ